هەڕەشە و گوشاری هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر بنەماڵەی محەممەد حەسەنزادە بۆ پشتڕاستکردنەوەی سیناریۆی ناوەندە ئەمنییەکان

بنەماڵەی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەهۆی میدیایی کردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەندامان

١٥ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٤:٣٢


هەنگاو: چوارشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٣
بنەماڵەی محەممەد حەسەنزادە لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بەهۆی میدیایی کردنەوەی هەواڵی دەستبەسەرکرانی ئەندامانی بنەماڵەیان و چالاکییەکانیان لە ڕاستای نزیکبوونەوەی شۆڕشی 'ژن، ژیان، ئازادی'دا لە ژێر گوشاری هێزە ئەمنییەکاندان.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە کاتژمێر ٩ی بەرەبەیانی سێشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣) هەتا کاتژمێری ٨ی شەوی هەمان ڕۆژ، ئەحمەد حەسەنزادە تەمەن ٥٦ ساڵ و سۆڵماز حەسەنزادە، تەمەن ٢٩ ساڵ، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، لە گیانبەختکردوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە شێوەیەکی نایاسایی لە ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان ڕاگیران.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم دوو ئەندامە دەستبەسەرکراوەی بنەماڵەی حەسەنزادە، دوای دەستبەسەرکرانیان، بردراونەتە لای عەلی زاهید، داواکاری گشتیی شاری بۆکان. ناوبراو ڕاستەوخۆ هەڕەشەی لەم دوو کەسە کردووە کە دەبێت بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک هەواڵی ڕێکخراوی هەنگاو لە ڕاستای وەدرۆخستنەوەی درۆودەلەسەکانی ماڵپەڕی میزان (ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادوەریی) لە پەیوەندی لەگەڵ شێوەی گیانبەختکردنی محەممەد حەسەنزادە بەدرۆبخەنەوە.

هەروەها، داواکاری گشتی و کاربەدەستانی ئیدارەی ئیتلاعاتی بۆکان، هۆشداریان بە ئەحمەد حەسەنزادە و سۆڵماز حەسەنزادە داوە کە دەبێت خۆ لە بەڕێوەبردنی هەرچەشنە ڕێوڕەسمێک لە ساڵڕۆژی شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی"دا ببوێرن.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی ناوبراو لەم بارەوە ڕایگەیاند، کە خوشک و باوکی محەممەد حەسەنزادە تەنانەت ڕووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەتەوە.

هەموو ئەم گووشارانە لە کاتێکدایە کە دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕۆژی ٧ی خەرمانانی ئەم ساڵ، دوای دە مانگ بانگەشەی ئەوەی کردووە کە محەممەد حەسەنزادە لە شەڕ لەگەڵ کەسێکدا کوژراوە.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا نووسی: ئەو زانیارییانەی کە لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بڵاوکراوەتەوە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە و بەتاڵە لەهەرچەشنە بنەمایەکی دادوەریی.

شەوی چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢، لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی بۆکان، محەممەد حەسەن زادە لەکاتێکدا هەوڵی داوە کچێکی ڕفێندراو لە دەستی هێزە سەرکوتکارەکانی حکوومەت ڕزگار بکات، کەوتووەتە بەر هێرشی چەقۆی ئەم هێزانە و لە ئەنجامدا بەهۆی پێکرانی دڵ و سینگی بە چەقۆ و گوللە گیانی لەدەست دا.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە