دەستبەسەرکردنی باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، گیانبەختکردوویەکی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەماڵەی داخوازەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە و لە درێژەی ئەم گوشارانەدا ئەح

١٤ خەرمانان ٢٧٢٣، ١٧:١٧


هەنگاو: سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣

گوشارەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەماڵەی داخوازەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بەردەوامە و لە درێژەی ئەم گوشارانەدا ئەحمەد حەسەنزادە و سۆڵماز حەسەنزادە، باوک و خوشکی محەممەد حەسەنزادە، لاوی گیانبەختکردووی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن ناوەندە حکوومەتییەکانەوە دەستبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراونەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٣ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٣)، ئەحمەد حەسەنزادە، تەمەن ٥٦ ساڵ و سۆڵماز حەسەنزادە، تەمەن ٢٩ ساڵ، ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازی حەسەنزادە، لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری بۆکانەوە بانگ کران و پاش ئەوەی کە سەردانی ناوەندەیان کردووە، دەستبەجێ دەستبەر کراون و بۆ شوێنی نادیار گواستراونەتەوە.

تاکوو کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد و دروست لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکردن و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو دوو ئەندامەی بنەماڵەی دادخوازی محەمەد حەسەنزادە و هەروەها شوێنی ڕاگیرانیان لە بەردەستدا نییە.

هەر لەو پەیوەندییەدا ڕۆژی ٧ی خەرمانان، هەواڵدەریی "میزان"، ماڵپەڕی فەرمیی دەزگای دادوەریی ئێران و سەر بە ناوەندە حکوومەتییەکان، پاش ١٠ مانگ لە گیانبەختکردنی محەممەد حەسەنزادە کە لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە کوژرا، هەوڵی چەواشەکارانەی بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاستییەکانی دەدا و وابێژیی بێبەریکردنی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت لەو تاوانە دژە مرۆڤایەتییە دەکرد.

پێشتر هەنگاو لە ڕاپۆرتێکی تایبەت بە چەواشەکارییەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر کوژرانی محەممەد حەسەنزادە ڕایگەیاند: "هەنگاو جارێکی تر جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەو زانیارییانەی لەلایەن دامەزراوە و ناوەندە حکوومەتییەکانەوە بڵاو دەکرێنەوە، لە بنەڕەتدا درۆیەکی چەواشەکارانەن و هیچ جۆرە بەڵگەیەکی یاسایی و ڕاستییەکییان تێدا نییە".

محەممەد حەسەنزادە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی شاری بۆکان و لە کاتێکدا کە لە هەوڵی ڕزگارکردنی کچێکی ڕفێندراوی کورد لە چنگی هێزە سەرکوتکەرەکانی حکوومەت بوو، بە لێدانی چەندین چەقۆ لەلایەن ئەندامانی هێزە حکوومەتییەکان کە لە سنگ و دڵی درابوون، گیانی بەخت کرد.

شایانی باسە کە محەممەد حەسەنزادە، لە مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٢، واتە نزیکەی مانگێک پێش کوژرانی لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکانی ڕۆژانی سەرەتای بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی خەڵکی شاری بۆکان، بە گوللەی ساچمەییی هێزە چەکدارەکانی حکوومەت چاوی چەپی بریندار کرابوو و تا ڕادەیەکی زۆر بیناییی ئەو چاوەی لەدەست دابوو.
 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە