ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران

٩ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ٢٢:٣٨

هه‌نگاو؛ سێشەممە ٩ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و پێنج ڕێکخراوی مەدەنی و مافی مرۆڤی چالاک لە کوردستان بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێکی هاوبەش، “پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران"یان ڕاگەیاند.

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بە شێوەی خوارەوەیە؛

 

بەیاننامەی ڕاگەیاندنی پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران 

هاووڵاتیانی بەڕێز،

چالاکانی مافەکانی مرۆڤ، 

 

بە خۆشییەوە هەواڵی دامەزرانی "پلاتفۆرمی ڕێکخراوە مەدەنییەکان بۆ چاودێریی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران" تان پێ ڕادەگەیەنین.

ئەم هاوپەیمانێتییە لە لایەن شەش ڕێکخراوی چالاکی بواری مافەکانی مرۆڤ، بە هەستکردن بە بەرپرسیارێتی، لەم قۆناغە هەستیارەدا دامەزراوە. رێکخراوەکان بریتین لە :

- ڕێکخراوی جیهانی کورد
 - ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو 
- ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هانا
- کوردستان تریبۆناڵ 
- ناوەندی پەیامنێرانی مافی مرۆڤی کوردستان 
- ناوەندی مافی مرۆڤی زاگرۆس   

 

ئەم ڕێکخراوانە هەموو توانای خۆیان وەگەڕ دەخەن بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی پلاتفۆرمەکە، کە بریتین لە :

١. ئاسانکاری لە پەیوەندی و هاوکاریی نێوان ڕێکخراوە چالاکەکانی بواری مافەکانی مرۆڤ بە مەبەستی پێشخستنی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێراندا.
٢. لەقاودانی پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ و چوونە هانای قوربانیانی پێشێلکارییەکان.
٣. گەیاندنی ڕاپۆرت و بەڵگەنامەی پێشێلکاریی مافەکانی مرۆڤ بۆ ناوەندە جیهانییەکان و دادگا نێۆدەوڵەتییەکان.
٤. ڕاکێشانی پشتگری بۆ چارەسەریی دۆزی کورد لە ئێراندا.

پلاتفۆرمی هاوکاری داوای هاوکاری و پشتگری لە هەموو چالاکوان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ لەقاودانی پێشێلکاری و پاراستنی مافەکانی مرۆڤی کورد لە ئێران دەکات.

هەروەها داوا لە قۆربانیانی پێشێلکارییەکان دەکات بە گەیاندنی بەڵگەو شایەتیدان، هاوکار بن بۆ گرتنە بەری ڕێوشوێنی پێویست دژ بە تاوان و تاوانکاران. 

 

٣٠ی جولای ٢٠٢٤ بەرامبەر بە ٩ی گەلاوێژی ١٤٠٣ی هەتاوی


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە