ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان: بە جیدی و شێلگیرانە لە مافی پەروەردە بە زمانی دایکی بۆ تەواوی نەتەوەکانی پانتایی جوغرافیایی ئێران بەرگری دەکەین

٢ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٩:٠٧

هەنگاو: پێنجەممە ٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستانلە بەرەبەری ٢١ی فێبریوەری، ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکی بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک وێڕای شەرمەزارکردنی سیاسەتی تاک زمانی لە دەورانی حکوومەتی پەهلەوی و حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران،  بە پشت بەستن بە پرەنسیپی ڕوون لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، بڕگەی ۱٥ی یاسای بنەڕەتی و بنەماکانی زانستی و ڕەوان‌ناسی بە جیدی و شێلگیرانە لە مافی پەروەردە بە زمانی دایکی بۆ تەواوی نەتەوەکانی پانتایی جوغرافیایی ئێران بەرگری دەکات و درێژەی سیاسەتی فێرکاری تەک زمانی، بێ‌ سەرنجدان بە زاراوەکان و زمانی هاووڵاتیان نا زانستی، نادوموکراتیک و نا دادپەروەرانە دەزانێت.


دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە کە کۆپییەکی دەستی هەنگاو گەیشتووە بە شێوەی خوارەوەیە؛


ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان(سنە، سەقز و زیویە، مەریوان و سەوڵاوا) بە بۆنەی بەرز ڕاگرتنی ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی

بە مەبەستی یارمەتی بە فرە چەشنی زمانی و کەلتووری ڕۆژی ۲۱ی فێورییە(۲ی ڕەشەمە) لە لایەن یۆنسکۆوە وەکوو ڕۆژی جیهانی زمانی دایکی دیاری کراوە. هەر لەم بوارەدا یەکێ لە پرنسیپە بنەرەتی و یەکێ لە ڕاستیە کۆدەنگییەکانی خاون ڕایانی بواری زمان‌ناسی ئەوەیە کە: "تەواوی زمانەکان بایەخی جەوهەری و تایبەتی خۆیان هەیە و پاراستنی ئەوان بۆ پێوەندی بەردەوام و گەشەی مانایی و واتایی تاکەکانی هەر نەتەوەیەک، هەم ڕەوشتی وهەم ژیرانەیە"بەداخەوە لە سەد ساڵی ڕابردوودا بەپێی سیاسەتی داڕێژراو و بە دوای دەرکەوتنی دەوڵەت-نەتەوەی پەهلەوی بە چاولێگەری لە دەوڵەت-نەتەوەی دەستکردی ئاتاتورک لە تورکیە، زمانی نافارسی نەتەوەکانی‌تر پەراوێز خران و زمانی فارسی کە وەکوو زمانی فەرمی لە فەرمانگەکان، میدیاکان و کۆڕوکۆبوونەوە سیاسیەکان چەسپێندرا بوو دەسەڵاتی تەواوی خۆی بە سەر ناوەندەکانی وەکوو پەروەردە، هونەر و تەنانەت ئاخافتنی خەڵکیدا کێشا و سەرەڕای بوونی نەتەوە گەلێک بە زمان گەلێکی جیاواز سیاسەتی یەک زمان-یەک کەلتوور لە سەردەمی دەسەڵاەی زۆرداری پەهەلەوی جێبەجێ کرا و بووە هۆی باڵادەستی زمانی فارسی و لاواز کردنی زمانە زیندووەکانی‌ دیکەی ئێران. ئەم سیاسەتە پاوانخوازانە گرێدراو بە سەردەمی پەهلەوی نەبوو بەڵکو دوای شۆڕشی ٥۷یش درێژەی کێشا و سەرەڕای ئەوە کە لە بڕگەی ۱٥ی یاسای بنەڕەتی لە سەر پەروەردەی زمانی دایکی لە تەنیشت زمانی زمانی فارسیدا داکۆکی کراوە و بەڵام بە کردەوە نە تەنیا پێداویستی پێویستی بۆ جێبەجی کردنی ئەم لانیکەمیشە دابین نەکرا بەڵکو ئەو کەسانەی کە خۆبەخشانە و بە تێچووی گیرفانی خۆیان قەڵەم و هەنگاویان بۆ فێرکاری بە زمانی دایکی هەڵگرت بە بێ‌بەزەییانەترین شێواز سزا دران.

زمان فاکتەری سەرەکی بۆ بە فەرمی ناسینی یەک نەتەوەیە و بە گوتەی نووسەر و وەرگێڕ ناوداری کورد عەبدولڕەحمانی شەرەفکەندی" زمان ناسنامەی نەتەوەکانە". هەروەها قاپی مێژوو و ئەزموونی کۆمەڵێکی زمانی و کانگای بیروئەندێشەی جەماوەری کۆمەڵگایە. هەر بەو هۆیەوە هەر چەشنە حەول و تەقەلایە لە لایەن هەر تاک یا دەسەڵاتێ بۆ خەسار گەیاندن، تواندنەوە و لەبەین بردنی زمانێک، هەوڵێکە بۆ قەڵاچۆکردنی بەشێک لە ئەزموونی مرۆڤایەتی.

بە پێی لێکۆڵینەوەی زانستی و زانیاری هەژمار کراوی باوڕپێکراو، بێ‌بەش کردنی منداڵەکان لە پەروەردە بە زمانی دایکی خەسارێکی قەرەبوو نەکراو لە کەسایەتی، سۆزداری و هەستی منداڵان ئەدات و ئاکام و بەرهەمی ئەم خەسارانە گیروگرفتی کۆمەڵایەتی و سیاسی زۆر تووشی کۆمەڵگا و وڵات دەکات. داکۆکی لە سەر پەروەردە بە زمانی باڵادەست و درووست‌کردنی بەربەست بۆ پەروەردە بە زمانی دایکی لە ڕاستیدا تواندنەوەی کولتووری و زمانی ئەم زمانانەیە و ئەم سیاسەتە هەڵەیە نە تەنیا خزمەت بە زمانی فارسی ناکات بەڵکو بێ‌‌بەش کردنی ئەم زمانەیە لە پێکەوە ژیانی و دراوسێیەتی لە گەڵ زمانە زیندوو و دەوڵەمەندەکانی باو لە وڵات‌ دایە. پاوانخوازانی لایەنگری یەک زمان-یەک نەتەوە لە گێژاوی ئەم خەیاڵە هەڵەیە دان کە یەک زمانی، پارێزەری بەرژەوەندی نەتەوەیی و سەروەری وڵاتە. لە حاڵێکدا سەرکوتی زمانی و بێدادی سەرچاوە گرتوو لەو لە نێوان نەتەوەکانی ژێر دەسەڵات هەستی" هەڵاواردن" و " هاووڵاتی پلە چەندووم بوون" درووست دەکات و ڕۆژ بە ڕۆژ کەلێنی ناوەند-دەورووبەر فرەتر ئەکات و تووندوتیژی و برینە شاریاوەکانی مێژوویی قووڵتر و زامدارتر دەکات. بەم شیکاریانەوە، هەر زۆرە ملی وپێداگیرییەک، هەر گەڵاڵە و پرۆگرامێک، هەر پاساو و دەست بە داوێن بوونێک و هەر هەڕەشە و تەماح خستنە بەرێک لە پێناو سڕینەوەی زمانی دایکی نەتەوەیەک، لەڕاستیداکۆمەڵکوژی نەرم، پەرەپێدانی ڕەگەز پەرەستی و بەر فراوان کردنی زوڵمێکی دووقاتە کە بێجگە لە ئێش، تووندوتیژی،ڕق و قینە و دووبەرەکایەتی بەرهەمێکی دیکەی نابێت.

ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان بە پشت بەستن بە پرەنسیپی ڕوون لە جاڕنامەی جیهانی مافی مرۆڤ، بڕگەی ۱٥ی یاسای بنەڕەتی و بنەماکانی زانستی و ڕەوان‌ناسی بە جیدی و شێلگیرانە لە مافی پەروەردە بە زمانی دایکی بۆ تەواوی نەتەوەکانی پانتایی جوغرافیایی ئێران بەرگری دەکات و درێژەی سیاسەتی فێرکاری تەک زمانی، بێ‌ سەرنجدان بە زاراوەکان و زمانی هاووڵاتیان نا زانستی، نادوموکراتیک و نا دادپەروەرانە دەزانێت. هەروەها ئەم ئەنجومەنە لەو بڕوایەدایە کە هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ لە بەرچاونەگرتن، لاواز کردن و سڕینەوەی زمانە ڕەسەن و جوانەکان کە بە درێژایی هەزاران ساڵ خۆیان لە زەرەر و زیانی هەڕەشەکان پاراستوە قەبوڵ بکات.

بۆیە درێژەی باڵادەستی یەک زمان بە سەر زمانەکانی دیکە دا، حاشا لە ڕاستیەکانی مەیدانی و مێژوویی کۆمەڵگای ڕەنگاوڕەنگی ئێرانە و تێچوو و ئاکام گەلێکی قەرەبوو نەکراو بۆ هەموان بە تایبەت بنیاتنەرانی بە دواوە دەبێت.

#ئەنجومەنی_پیشەیی_مامۆستایانی-کوردستان

(مەریوان و سەوڵاوا-سەقز و زێویە - سنە)

۲ی ڕەشەمەی ۱٤۰۳

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە