هەڵمەتی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی بە بەشداریی دەیان چالاکی مەدەنی لە ئێران

٢٢ سەرماوەز ٢٧٢٤، ٢٣:١١

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٤

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە چالاکانی مافەکانی ژنان، کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، بە ڕێکخستنی هەڵمەتێک داوای هەڵوەشاندنەوەی خێرای سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی، بەندکراوی سیاسیی کوردیان کرد.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەیان چالاکی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتی و پیشەییەکان بە واژۆکردنی داواکارییەک جەختیان لەسەر پێویستیی هەڵوەشاندنەوەی سزای سێدارەی پەخشان عەزیزی کردووە و نووسیویانە کە پەخشان "بە سزای چالاکییە خۆبەخش و مرۆڤدۆستانەکانی خۆی بۆ ئاوارەکانی شەڕی داعش، دەستبەسەر و بە بەغی تۆمەتبار کراوە و سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە."

واژۆکارانی ئەو داواکارییە بە ئاماژەکردن بە لێدوانی پارێزەرانی پەخشان عەزیزی لەسەر "دادگاییکردنی بەپەلە و سەرەڕۆیانە"ی دۆسیەی ناوبراو لە دیوانی باڵای وڵات، مەترسیی لەسێدارەدرانی پەخشانیان بە جددی زانیوە.

هەروەها پێداگرییان کردووەتەوە کە "ئێمە واژۆکارانی ئەو داواکارییە داخوازیی هەڵوەشاندنەوەی خێرای سزای سێدارەی پەخشان عەزیزیمان هەیە و داوا لە هەمووان دەکەین کە بۆ ڕزگارکردنی گیانی پەخشان، لەگەڵمان هاودەنگ بن."

پەخشان عەزیزی، زیاتر لە ١٥٥ ڕۆژی ڕابردووی بە بێبەشبوون لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و پارێزەرەکانی لە بەندیخانەی ئێڤیندا تێپەڕ کردووە. ناوبراو تا کۆتایی مانگی ڕەزبەر لە مافی پەیوەندیی تەلەفۆنیش بێبەش کرابوو.

لەم دواییانەدا ئەمیر ڕەییسیان و مازیار تاتایی، پارێزەرانی پەخشان عەزیزی هەواڵی بیستنی "هەواڵی ناخۆشیان"یان لەسەر ئەگەری بێبەریکرانی ناوبراو لە تۆمەتی بەغی و سزای سێدارە ڕاگەیاندووە و باسیان لە ئەگەری پەلەکردن و سەرنجنەدان بە بەڵگە پێشکەشکراوەکان لە دیوانی باڵا کردووە.

پەخشان عەزیزی ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی جۆزەردانی ٢٧٢٤ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، بە تۆمەتی"بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دواتر لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەگەڵ کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" ڕووبەڕوو کراوە و سزای شەش مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

شایانی باسە کە، پەخشان عەزیزی، ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوو، لە شارۆچکەی خەرازیی تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕۆژی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە.

ناوبراو ڕۆژی ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٠٩، لە ڕەوتی کۆبوونەوەیەکی خوێندکارانی کوردی زانکۆی تاران بەنیشانەی ناڕەزایەتی سەبارەت بە لەسێدارەدرانی بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان، دەستبەسەر کرا و لە ئاکامدا، ڕۆژی ٢٨ی مانگی ڕەشەممەی ئەو ساڵە، دوای ٤ مانگ بەندکران بەدانانی بارمتەی ١٠٠ ملیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

پەخشان عەزیزی دواتر بەهۆی گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێران چووە دەرەوە و هاوکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەکانی لەسەر بارودۆخی ژنان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوا، لەسەر چاکسازیی ئەو بارودۆخە لە بواری ئاریکاری کۆمەڵایەتیدا هەنگاوی هەڵێناوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە