شەرمەزارکردنی ڕاگەیەندراوەی ناوەندی پارێزەرانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات دژ بە کوردانی شاری ئورمیە

٨ ڕەزبەر ٢٧٢٥، ١٥:٠٧

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ڕاگەیەندراوەی «لێژنەی مافی مرۆڤی ناوەندی پارێزەرانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات» کە بە ڕوانگەیەکی جیاکاری و ئەمنییەوە باسی لە بوونی کوردەکان لە ڕۆژئاوای ئێران کردووە، شەرمەزار دەکات. کوردەکان بەشێکی نکۆڵی‌لێنەکراو و جیانەکراوە لە بواری مێژوویی، کولتووری و ناسنامەیی ئەو ناوچەیەن. بە «پەنابەر»، یان «میوان» و «ئاوارە» ناساندنیان، چەواشەکارییەکی ئاشکرا لە راستییە مێژوویی و کۆمەڵایەتییەکان و بەرهەمهێنانەوەی ڕەگەزپەرستییە کە ئامانجێکی بێجگە لە لاوازکردنی یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی نییە و ڕێخۆشکەری شەڕی نێوخۆیی دەبێت.

 ئەو ئەدەبیاتە پڕ لە هەڵاواردنە، هەندێک لە بنەما جیهانییەکانی مافەکانی مرۆڤ پێشێل دەکات، کە بریتین لە: ڕاگەیەندراوەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ (۱۹۴۸) و پەیمانی نێودەوڵەتیی مافە مەدەنی و سیاسییەکان (۱۹۶۶) لەسەر یەکسانیی مرۆڤەکان بەبێ هیچ هەڵاواردنێکی ئیتنیکی، زمانی یان نەتەوەیی پێداگری دەکەن.

هیچ ناوەندێک مافی نییە کە، نەتەوە، ئیتنیک یان کۆمەڵگایەک وەکوو هەڕەشەیەکی ئەمنی بناسێنێت یان لە مافی یەکسانی یەک هاووڵاتی بێبەشیان بکات. سەرەڕای ئەوەش دەبێت ئەو خاڵە وەبیر بێنینەوە کە ژمارەیەکی کەم لە بنەماڵەی پەنابەرانی کوردی هەرێمی کوردستان -کەمتر لە پەنجا بنەماڵە- لە شارەکانی ساوە، کەرەج و زێوەی ئورمیە لە ئێران دەژین. ئەو کەسانە لەسەر بنەمای مافە نێودەوڵەتییەکان پاڵپشتی دەکرێن و گەڕاندنەوەی زۆرەملێیان بنەمای «قەدەغەکردنی گەڕاندنەوەی زۆرەملێ- non-refoulement» لە کۆنڤانسیۆنی ژێنێڤی ساڵی ۱۹۵۱ پێشێل دەکات. هەر بەو هۆیەوە تەنانەت لەسەر ئەو کۆمەڵە کەمە بەکاربردنی ئەدەبیاتی ئەمنی یان هەڵاواردن نە تەنیا قەبووڵ ناکرێت، بەڵکوو ئەو شێوازە ڕاگەیەندراوانە ئەگەری ئازاری ڕێکخراوانە یان بێبەشی نەتەوەیەک لە مافە سەرەکییەکانی خۆیان زیاتر دەکەن کە دەتوانێت گەورەترین سزا نێودەوڵەتییەکان لەخۆ بگرێت و نیشانەیەک لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی بێت.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو هۆشداری دەدات کە ئەو چەشنە ڕاگەیەندراوانە کە بەجێی بردنەسەرەوەی کەرامەت و مافی مرۆڤ ناوەڕۆکی فاشیستی گەشە پێ دەدەن، مەترسییەکی جددی بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی، پێکەوەژیان و ڕێزگرتنی دوو لایەنە لەنێوان نەتەوەکان لە ئێران بە ئەژمار دێن. هەروەها هەنگاو پێداگری دەکات کە ئەو ڕاگەیەندراو و هەڵوێستانە هاودەستیی ئاشکرا لەگەڵ ڕێوشوێنی ئەمنیی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە سەرکوتکردنی کوردەکان و کەمینەکانی دیکەن. هەر بەم هۆیانەش؛

۱- لە یەکێتیی گشتیی ناوەندی پارێزەرانی ئێران «سکۆدا» و ناوەندی پارێزەرانی ناوەندی پارێزگاکان، چاوەڕوانی دەکرێت کە ئەرکی مافی مرۆڤی خۆیان بە سنووردارکردنی ئاشکرا بەرانبەر بەو چەشنە چالاکییانە بەجێ بهێنن.

۲- لە کۆمەڵگای مەدەنی و ناوەندە نێودەوڵەتییەکان داوا دەکەین ئەو هەوڵانە بە مەبەستی نێولێنان لە نەتەوە یان پەنابەرەکان ئیدانە بکەن و سەبارەت بە لێکەوتە مەترسیدارەکانیان لەسەر یەکگرتوویی کۆمەڵایەتی لە ئێران هۆشداری بدەن.

 

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو

 

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە