تاران؛ حوورا نیکبەخت سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا

١١ گەلاوێژ ٢٧٢٤، ١٠:٤٣

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١١ی گەلاوێژی ٢٧٢٤

حوورا نیکبەخت، مامۆستای زانکۆ، چالاکی مافی ژنان و بەندکراو لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ڕۆژانی ڕابردوودا حوورا نیکبەخت، بەڕێوەبەری وەشانگەی "مشق برابری" و دانیشتووی تاران لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی حکوومەت" و "بێڕێزی کردن بە خامنەیی" سزای ساڵێک بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەم سزایە ڕۆژی شەمە ٦ی گەلاوێژی ٢٧٢٤ بە ناوبرا ڕاگەیێندرا.

شایانی باسە کە، دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم هاوڵاتییە ڕێکەوتی ٢٠ی پووشپەڕ لە هەمان لقدا بەڕێوە چووبوو.

حوورا نیکبەخت ڕۆژی ٢٣ی جۆزەردان، دوای بانگکرانی بۆ لقی سێی لێکۆڵینەوەی دادسەرای ئێڤین دەستبەسەر و بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە