تاران؛ سەپاندنی سزای ٦ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران بەسەر نەدا فتووحی، لە پەیڕەوانی عیرفانی حەڵقە
هەنگاو؛ سێشەممە ٢٦ی پووشپەڕی ٢٧٢٤
نەدا فتووحی، لە پەیڕەوانی "عرفان حەڵقە " و مامۆستای پێشووی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی دانیشتووی تاران لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٣ی جولای ٢٠٢٤)، نەدا فتووحی لە پەیڕەوانی عیرفانی حەڵقە، دەرچووی بەشی ئەندازیاری لە بواری بەڕێوەبەریی IT و مامۆستای پێشووی زانکۆی عەلامە تەباتەبایی و زانکۆی ئازادی تاران، لەلایەن لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەباسعەلی حەوزان سزای ٦ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.
ئەو هاووڵاتییە پێشتر لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بەتۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بەمەبەستی تێکدانی ئاسایشی نێو و دەرەوەی وڵات" سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران و بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژ بە حکومەت و لە ڕێگای ئەندامبوون لە گرووپی عیرفانی حەلقە" ٣ ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٦ ساڵ و ٨ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران بەتەواوی پشتڕاست کرایەوە.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دۆسیەی ئەو هاووڵاتییە بەپێی ئەو دانپێدانانە زۆرەملێیەی کە لەژێر ئەشکەنجە لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین لێی وەرگیراوە، پێکهاتووە و بەپێی یاسای کۆکردنەوەی سزاکان، سەختترین سزا واتا سزای ٣ ساڵ و ٨ مانگ بەندکران بۆ ناوبراو جێبەجێ دەکرێت.
شایەنی باسە کە، نەدا فتووحی پێشتر لە مانگی ڕەزبەری ٢٧٢٣دا لە ڕەوتی هەڵکوتانی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری دەستبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤینی تاران گواسترابۆوە.