خووزستان؛ سەپاندنی سزای ٢٤ ساڵ بەندکران بۆ سەر چوار مامۆستای قوتابخانە
هەنگاو؛ سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤
چوار مامۆستای قوتابخانە و چالاکی پیشەیی لە ئەهواز بە ناوەکانی کەوکەب بوداغی پەنا، عەلی کرووشات، پیرووز نامی و سیامەک سادقی چەهرازی لە دۆسیەیەکی هاوبەش لە لایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە هەر یەک سزای ٦ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، هەر یەک لە کەوکەب بوداغی پەنا و پیرووز نامی لە مامۆستایانی لوڕی بەختیاری و خەڵکی ئیزە، عەلی کرووشات لە چالاکانی پیشەیی عەرەب و خەڵکی ئەهواز و سیامەک سادقی چەهرازی لە مامۆستایانی خانەنشین و دانیشتووی ئەهواز لە لایەن لقی سێی دادگای شۆڕشی ئەهواز لە دۆسیەیەکی هاوبەش هەر یەک سزای شەش ساڵ بەندکران و سەرجەم سزای ٢٤ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
بە پێی سزای دەرچوو، کە ڕۆژی سێشەممە ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (٧ی جەنیوەریی ٢٠٢٥)، بە شێوەیەکی زارەکی بەم چوار چالاکە پیشەیییە ڕاگەیێندراوە، هەر یەک لەوان بە تۆمەتی "پێکهێنانی دەستە و گرووپ دژی ئاسایشی وڵات" سزای ٥ ساڵ بەندکران و بە تۆمەتی "چالاکی تەبلیغی دژی حکوومەت" سزای یەک ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپێندراوە.
دانیشتنی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم چوار چالاکە پیشەیییە لە ڕێکەوتی ١٦ی خەزەڵوەری ئەمساڵ لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ئەهواز بەڕێوە چووبوو.
شایانی باسە کە ئەم چوار چالاکە پیشەیییە لە درێژەی ساڵانی ڕابردوو لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ و لێپرسینەوەیان لێ کراوە.