بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ دۆخی ناجێگیری کژاڵ ڕەحمانی هاوکات لەگەڵ پانزەهەمین ڕۆژی مانگرتن لە خواردن

٣١ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٥:١٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٣١ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

دۆخی تەندروستیی کژاڵ ڕەحمانی، هاووڵاتیی خەڵکی کامێران کە لە بەندی ژنانی بەندیخانەی ناوەندیی سنە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕاگیراوە، هاوکات لەگەڵ پانزەهەمین ڕۆژی مانگرتنی ناڕەزایەتی لە خواردن، ناجێگیر ڕاگەیندراوە. ناوبراو لەگەڵ هاوژینەکەی و براکەی لەلایەن وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کژاڵ ڕەحمانی لە کاتی دەستبەسەرکرانی لە ١٦ی جۆزەردانەوە، بە نیشانەی ناڕەزایەتی دەربڕین بە دەستبەسەرکرانی نایاسایی خۆی، ئەندامانی بنەماڵەکەی و گوشارەکانی لێپرسەرەوان بۆ وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ و دۆسیەسازی، مانی لە خواردن گرتووە.

کژاڵ ڕەحمانی لە ئەنجامی پانزە ڕۆژ مانگرتنی بەردەوام لە خواردن، تووشی دابەزینی توندی پەستانی خوێن بووە و لانی کەم جارێک لە ژووری تاکەکەسیدا بوراوەتەوە. سەرباری ڕاسپاردەی پزیشکانی بنکەی تەندروستیی بەندیخانە سەبارەت بە پێویستیی کۆتاییهێنان بە مانگرتن یان لێدانی سیرۆم، ئەم ژنە دەستبەسەرکراوە ڕایگەیاندووە تا کاتی بەدیهاتنی داواکارییەکانی و وەستاندنی گوشار لەسەر بنەماڵەکەی بەردەوام دەبێت لە مانگرتن لە خواردن.

بەپێی ڕاپۆرتی پێشووی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٦، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەبێ نیشاندانی بڕیاری دادوەری و بە شکاندنی دەرگای ماڵەکان، بە شێوەیەکی هاوکات هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی نیشتەجێبوونی کژاڵ ڕەحمانی و براکەی دانیاڵ ڕەحمانی (خوێندکاری زانکۆی ئازادی سنە) لە کامێران و بە توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەریان کردوون.

چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکرانی کژاڵ و دانیاڵ، عیسا فەیزی، چالاکی مەدەنی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و هاوسەری کژاڵ ڕەحمانی، کاتێک کە بۆ بەدواداچوونی چارەنووسی هاوسەرەکەی و ژن براکەی سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانی کردبوو، لەلایەن هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییەوە دەستبەسەر کرا. ئەم هێزانە پێشتر دەستیان بەسەر مۆبایلەکەیدا گرتبوو.

تا کاتی ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی عیسا فەیزی و دانیاڵ ڕەحمانی لەبەردەستدا نییە و هیچ پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە