گیلان؛ کوژرانی گەنجێکی گیلەک لەژێر ئەشکەنجەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران

٧ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢١:٣٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سەید محەممەد میرمووسەوی، گەنجێکی گیلەک و خەڵکی شاری لاهیجانی سەر بە پارێزگای گیلان، دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزە تایبەتەکانی ئینتزامیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە لەژێر ئەشکەنجەدا کوژرا. بنەماڵەی ئەو گەنجە بەمەبەستی میدیایی نەکرانەوەی ئەو تاوانە لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە لەژێر گوشار داندراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، سەید محەممەد میرمووسەوی، خەڵکی شاری لاهیجان دوای دەستبەسەرکران لە ڕەوتی تێکهەڵچوونێکدا، هەر لەو ڕۆژەدا لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزە ئینتزامییەکانی بنکەیەکی لەنگەروود گیانی لەدەست دا.

ڤیدیۆیەک کە لە جەستەی ئەو لاوە قوربانییە بڵاو بووەتەوە، توندوتیژیی سیستەماتیک لە پەیکەرەی هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بڵاو کراوەتەوە نیشان دەدات کە بە سەختی ئەشکەنجە دراوە و تووشی خوێنبەربوون هاتووە. بە وتەی یەکێک لەو کەسانەی کە تەرمی ناوبراویان شۆردووە هێزە ئینتزامییەکان لە کاتی ئەشکەنجەدانی ئەو هاووڵاتییە دوو خاڵیان لەسەر جەستەی لە بەشی پشت و کەمەریدا کوون کردووە.

یەکێکی دیکە لە ئامادەبووان لەو ڤیدیۆیەدا باس لەوە دەکات کە هێزە ئەمنییەکان بە دەست و لاقی بەستراوەوە لەو گەنجەیان داوە و ئەشکەنجەیان کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی هەنگاو، دوای کوژرانی ناوبراو بەدەست هێزە حکومەتییەکانەوە، ناوەندە ئەمنییەکان و بەتایبەت داواکاری گشتیی لەنگەروود لە پارێزگای گیلان بنەماڵەی ئەو لاوە قوربانییەیان لەژێر گوشار داناوە و هەڕەشەیان لێکردوون تا زانیارییەک لەسەر کوژرانی ناوبراو و وردەکارییەکانی شێوەی کوژرانی بڵاو نەکەنەوە.

داواکاری گشتی و شۆڕشی لاهیجان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ی خەرمانان بەبێ هیچ ئاماژەیەک بە ناسنامەی سەید محەممەد میرمووسەوی هەواڵی "مەرگی گوماناویی تۆمەتبارێک"ی ڕاگەیاندووە و کوتویەتی کە لێپرسی تایبەت بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە ڕاسپێردراوە و پێنج ئەفسەری ئینتزامی دەستبەسەر کراون.

 

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە