مەرگی گوماناوی کامران کازمی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ئورمیە

٦ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١١:٥٧

هەنگاو؛ سێشەممە ۵ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵

کامران کازمی، تۆمەتباری دەستبەسەرکراوی خەڵکی کرماشان لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ئورمیە بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی لەدەست دا. هەندێک لە دەستبەسەرکراوانی ئەو دەستبەسەرگە بە ڕەتکردنەوەی وتەی ناوەندە حکومەتییەکان لەسەر خۆکوشتنی ئەو تۆمەتبارە، پێداگرییان لەسەر کوژرانی ناوبراو لە ئەنجامی ئەشکەنجەکردنی بەدەستی هێزە حکومەتییەکان کردووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کامران کازمی، تۆمەتباری تەمەن ۳۸ ساڵی خەڵکی کرماشان نێوەڕاستی مانگی ڕێبەندانی ساڵی ڕابردوو بەشێوەیەکی گوماناوی لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی ئورمیە گیانی لەدەست داوە.

کامران کازمی کۆتاییەکانی مانگی بەفرانباری ۲۷۲۴، بە تۆمەتی دزی لە ماڵی سەرۆکی بەندیخانەی ئورمیە لەو شارەدا دەستبەسەر کرا و بۆ ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهی گواسترایەوە. ناوبراو دواتر بۆ ژووری تاکەکەسیی بەندیخانەی ئورمیە گواسترابۆوە و جارێکی دیکە پاش یەک حەوتوو، بۆ ئەو دەستبەسەرگە گەڕێندرابۆوە.

لەئاکامدا پۆلیسی ئاگاهی ئورمیە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییەیان ڕاگەیاندبوو کە تۆمەتبار هەوڵی خۆکوشتنی داوە و بە خواردنی حەب کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.

ئەوە لە کاتێکدایە کە هەندێک لەو دەستبەسەرکراوانەی کە هاوکات لەگەڵ کامران کازمی لە دەستبەسەرگەی پۆلیسی ئاگاهیی ئورمیەدا بوون، وێڕای ڕەتکردنەوەی ئەو وتە جەختیان لەسەر کوژرانی ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجەدرانەوە کردووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە