مەهاباد؛ دەستبەسەرکرانی ڕامیار ئەبووبەکری و سیاوەش سوڵتانی لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی

١٣ خەرمانان ٢٧٢٤، ١١:٢٤

هەنگاو؛ سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ڕامیار ئەبووبەکری تەمەن ١٦ ساڵ وبرای زانیار ئەبووبەکری لەگەڵ سیاوەش سوڵتانی کوڕی کوبرا شیخە سەقا لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی «ژن ژیان ئازادی» لە مەهاباد، بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار گوازراونەتەوە.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) کاتژمێر سێی سەر لەبەیانی، ڕامیار ئەبووبەکری تەمەن ١٦ ساڵ و ئەندامی بنەماڵەی دادخواز، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بۆ سەر ماڵیان، دەستبەسەر کراوە.

هاوکات، ئەم هێزانە سیاوەش سوڵتانی کوڕی کوبرا شخەسەقایان لە ماڵی خۆیان دەستبەسەرکردووە.

بەوتەی سەرچاوەی هەنگاو، هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنی ئەم دوو هاووڵاتییە، ئەندامانی بنەماڵەکەشیان داوەتە بەرلێدان و بێرێزیان پێیان کردووە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان و شوێنی ڕاگرتنیان هیچ زانیارییەک لەبەردەست نییە.

زانیار ئەبووبەکری تەمەن ٢١ ساڵ و خەڵکی مەهاباد، ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٢ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە نزیک فەلەکەی سیمۆرغ لەلایەن هێزە ئەمنییەکان بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێ کراوە و گیانی لەدەست دا.

کوبرا شێخەسەقا هاووڵاتی تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی مەهاباد ڕۆژی پێنجشەممە ٥ی خەزەڵوەری٢٧٢٢ (٢٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢) لە شەقامی مەلاجامی بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەکان، پێکرا و گیانی لەدەست دا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە