پیرانشار؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دەستبەسەرکردن و ناڕوونیی چارەنووسی ئارژین جوندی منداڵی تەمەن ١٦ ساڵ
٢٣ خەرمانان ٢٧٢٦، ١١:٤٣
هەنگاو؛ دووشەممە ٢٣ی خەرمانانی ٢٧٢٦
دوای تێپەڕبوونی ٤ ڕۆژ بەسەر دەستبەسەرکردنی ئارژین جوندی، منداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی پیرانشار، هیچ جۆرە زانیارییەک لەسەر چارەنووس، شوێنی ڕاگرتن و تۆمەتە پاڵدراوەکان دژ بە ناوبراو لەبەردەستدا نییە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٦ (١١ی سێپتەمبەری ٢٠٢٦)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتڵاعات بە هەڵکوتانە سەر ماڵی بنەماڵەی ئارژین جوندی تەمەن ١٦ ساڵ لە گوندی «کەوپەڕ»ی پیرانشار بەبێ پیشاندانی هیچ جۆرە بەڵگەیەکی دادوەری ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
تا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکردن، تۆمەتە پاڵدراوەکان و شوێنی ڕاگرتنی ئەم منداڵە زانیارییەکی ورد لەبەردەستدا نییە و بەدواداچوونی بنەماڵەکەی لەم پەیوەندییەدا بێئاکام ماوەتەوە.
سەرچاوە: Hengaw