ڕاپۆرتێک لە سەر دەستبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سێ هاووڵاتیی کورد لەوانە منداڵێک لە کامێران، شنۆ و پیرانشار

٢٣ جۆزەردان ٢٧٢٦، ١٢:٥٥

هەنگاو؛ شەممە ٢٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦

هێرش شەریفیان، منداڵی خەڵکی کامیاران، بێهنام مەولوودی، خەڵکی شنۆ و خالید حەسەن‌زادە، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار، کە لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن هێزە حکومەتییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و سەرباری بەدواداچوونی بنەماڵەکانیان هیچ هەواڵێک لە سەر چارەنووسیان لەبەردەستدا نییە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ١٦ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٦ی ژوئەنی ٢٠٢٦)، هێرش شەریفیان، منداڵی تەمەن ١٧ ساڵ و خەڵکی گوندی پاڵنگانی شاری کامێران دەستبەسەر کرا. هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هەر ئەو ڕۆژە دەرگای ماڵی بنەماڵەی ئەم منداڵەیان شکاندوە و دوای بانگکرانی ناوبراو لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعات و ئامادە بوونی ناوبراو لەو بنکە ئەمنییە و دەستبەجێ دەستبەسەر کراوە.

هەروەها، ڕۆژی شەممە ٩ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٣٠ی مەی ٢٠٢٦) بێهنام مەولوودی، هاووڵاتیی خەڵکی شنۆ دەستبەسەر کرا. بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی بێهنام مەولوودی، دەستبەسەرکرانی ئەم هاووڵاتییە لەگەڵ لێدان و شکاندنی دەرگا و پەنجەرەکانی شوێنی نیشتەجێبوونی ئەنجام دراوە.

لە هەفتەی یەکەمی جۆزەردانیشدا، خالید حەسەن‌زادە، هاووڵاتیی خەڵکی پیرانشار دەستبەسەر کرا و بۆ یەکێک لە دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ورمێ گواسترایەوە.

بەدواداچوونی دۆخی هێرش شەریفیان، بێهنام مەولوودی و خالید حەسەن‌زادە بێئاکام بووە و تا ئێستا ئەم سێ هاووڵاتییە کوردە چاوپێکەوتن و پەیوەندییان لەگەڵ بنەماڵەکانیان نەبووە کە ئەمە بووەتە هۆی نیگەرانی لەسەر دۆخی ڕاگرتن و تەندروستییان.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە