شنۆ؛ دەستبەسەرکرانی سولەیمان قادرگەڵوان، برای عەبدولسەلام قادرگەڵوان لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی

هەنگاو؛ چوارشەممە ۴ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
سولەیمان قادرگەڵوان، برای عەبدولسەلام قادرگەڵوان لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لە شاری شنۆ جارێکی دیکە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۳ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، سولەیمان قادرگەڵوان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری شنۆ و لە ئەندامانی بنەماڵە دادخوازەکانی کوردستان، لەو شارە دەستبەسەر کرا.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، هێزە ئەمنییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی ئەو هاووڵاتییەدا گرتووە و ڤیدیۆی تەبلیغی حکومەتیان لە لاپەڕەکانی ناوبراو لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردووەتەوە.
هەتا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکارەکانی دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ئەو هاووڵاتییە کوردە لەبەر دەستدا نییە.
ناوبراو ڕۆژی پێنجشەممە ۷ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵ (۲۷ی مارسی ۲۰۲۵)، دوای بانگکران و سەردانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری شنۆ دەستبەسەر و دوای ماوەیەک ئازاد کرابوو.
هەروەها لە ڕێکەوتی ۱۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۳، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ بە بەکارھێنانی توندوتیژی ئەو هاووڵاتییەیان دەستبەسەر کردبوو.
عەبدولسەلام قادرگەڵوان، برای سولەیمان قادرگەڵوان لە ڕێکەوتی ۳۰ی خەرمانانی ۲۷۲۲، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کرایە ئامانجی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان.
ناوبراو ڕۆژی دووشەممە ۴ی ڕەزبەری هەمان ساڵ، بەهۆی سەختی برینەکانی لە ئەنجامی بەرکەوتنی گوللەی جەنگی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە نەخۆشخانەی "خومەینی" ئورمیە گیانی لەدەست دا.