ڕاپۆرتێکی کورت لەسەر دەستبەسەرکرانی ١٧ هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ٤ ڕۆژدا
هەنگاو؛ چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤
لە ماوەی چوار ڕۆژی سەرەتایی مانگی سێپتەمبەر لانی کەم ١٧ هاووڵاتیی کورد بریتی لە منداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە شارە جوراوجۆرەکانی کوردستان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراون.
بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندیی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوەی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە چوار ڕۆژی سەرەتای مانگی سێپتەمبەری ٢٠٢٤، لانی کەم ١٠ هاووڵاتیی کورد لە شارۆچکەی بڵواناوای سەر بە شاری دێوڵان، ٤ هاووڵاتی بریتی لە منداڵێک لە مەهاباد و ٣ هاووڵاتی لە شنۆ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کراون و بۆ شوێنێکی نادیار گواستراون.
لە ڕۆژەکانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممە لانی کەم ١٠ هاووڵاتی بە ناوەکانی جەمیل محەممەدی، شادمان محەممەدی، فواد محەممەدی، محەممەد محەممەدی، مەیسەم حاجی مەجید، سەمیر محەممەدی، پدرام محەممەدی تەمەن ٢٥ ساڵ، ماردین باقری تەمەن ١٩ ساڵ و دوو هاووڵاتی دیکە کە هەردووکیان شۆرەتیان باقرییە (ناو نادیار) لە بڵواناوای سەر بە شاری دێولان دەستبەسەر کراون.
هەروەها، ڕامیار ئەبووبەکری منداڵ تەمەن ١٦ ساڵ و سیاوەش سوڵتانی هەر دوو کەسیان لە ئەندامانی بنەماڵەی دادخوازان، عادل کاکە تەمەن ٢٣ ساڵ و ئومید ئەحمەدنژاد هونەرمەندی تەمەن ٣٥ ساڵ لەلایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کراون.
لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد لە ڕۆژانی ڕابردوو، بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٤ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی دیاکۆ عەزیزی تەمەن ٣٤ ساڵ، لوقمان زەنگی تەمەن ٥٢ ساڵ و منداڵەکەی سیامەند زەنگی تەمەن ٢٢ ساڵ لە شاری شنۆ دەستبەسەر کراون.