هێرشی هێزە ئەمنییەکان بۆ سەر نەورۆزی کوردستان؛ دەیان هاووڵاتی، بریتی لە چەند منداڵ دەستبەسەر کراون

٤ خاکەلێوە ٢٧٢٥، ١١:١٦

هەنگاو؛ دووشەممە ۴ی خاکەلێوەی ۲۷۲۵

هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە شارە جیاوازەکانی کوردستان، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە بانگکردن، لێپرسینەوە و دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد، هەوڵیان داوە تا لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە نەریتی و کولتوورییە ڕێگری بکەن.

بەپێی ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا هەزاران هاووڵاتیی کورد لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانەوە بانگ کراون و لێپرسینەوەیان لێ کراوەتەوە و لانی کەم ۴۱ هاووڵاتی، بریتی لە ۶ منداڵ دەستبەسەر کراون. دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە لە شارەکانی ئورمیە، شنۆ، سەردەشت، سەقز، مەریوان، سنە، پیرانشار و کرماشان ڕووی داوە.

ناسنامەی ۶ منداڵی دەستبەسەرکراو کە لە لایەن هەنگاو پشتڕاست کراونەتەوە، بەو شێوەیە:

شاکار محەممەدزادە (۱۰ ساڵان) و بڕیار محەممەدیانی (۱۴ ساڵان)، دوو منداڵی خەڵکی سەردەشت

ئەوین ئەحمەدی (۱۶ ساڵان) و ساریا ئەحمەدی (۱۷ ساڵان)، دوو خوشکی خەڵکی ئورمیە

کەیهان تەدبیری (۱۷ ساڵ) و محەممەد قادری (۱۷ ساڵ)، دوو منداڵی خەڵکی مەریوان


سەرکوتی ڕێکخراوانەی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە کوردستان

ڕێوڕەسمی نەورۆز یەک لە گرینگترین بۆنە کولتورییەکان لە نێوان ژمارەیەک لە نەتەوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوین، بەتایبەت نەتەوەی کوردە، کە بەپێی ماددەی ۳۷ی یاسای بنەڕەتیی ئێران پێویستی بە وەرگرتنی مۆڵەتنامە لە هیچ ناوەندێکی حکومەتی نییە. سەرەڕای ئەوەش، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ساڵێک بە سازکردنی کەشی ترس، بانگکردن، هەڕەشە لێکردن و دەستبەسەرکردنی بەرفراوانی هاووڵاتییانی کورد، هەوڵ دەدەن لە بەڕێوەچوونی ئەو ڕێوڕەسمە ڕێگری بکەن.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییانە شەرمەزار دەکات و داوای ئازادیی بێ مەرجی سەرجەم دەستبەسەرکراوان دەکات. ئەو چەوساندنەوانە بەشێک لە سیاسەتە ڕێکخراوانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەمەبەستی بەربەست سازکردن بۆ چالاکییە کولتورییەکانی کوردان و چەوساندنەوەی ناسنامەی نەتەوەییان بە هەژمار دێت.


ناوی ۴۱ هاووڵاتیی دەستبەسەرکراو بەپێی شارەکان بەو شێوەیە؛

مەریوان: ۱ـ ئارام نیکپەی تەمەن ۳۸ ساڵ ۲ـ محەممەد نیکپەی تەمەن ۲۸ ساڵ ۳ـ محەممەد ئەشتەک تەمەن ۲۳ ساڵ ۴ـ تەحسین دادڕەس تەمەن ۳۱ ساڵ ۵ـ بیلال دادڕەس تەمەن ۳۶ ساڵ ۶ـ کەیهان تەدبیری تەمەن ۱۷ ساڵ ۷ـ محەممەد قادری تەمەن ۱۷ ساڵ ۸ـ محەممەد نیکپەی تەمەن ۲۸ ساڵ (ئامۆزای محەممەد نیکپەی) ۹ـ کاوه داستان تەمەن ۴۵ ساڵ ۱۰ـ چالاک پیرووزی تەمەن ۱۹ ساڵ ۱۱ـ کەیوان مینوویی تەمەن ۳۲ ساڵ ۱۲ـ کاروان دافعی تەمەن ۲۵ ساڵ

سەردەشت: ۱ـ شاکار محەممەدزاده ۱۰ ساڵان ۲ـ بڕیار محەممەدیانی ۱۴ ساڵان ۳ـ ئارام ئالی ۴ـ کەماڵ قازانی ۵ـ ڕەحیم قادری ۶ـ کامران غەزالی ۷ـ شێرزاد شێخی ۸ـ بێهرووز مەسڵەحەت ۹ـ عوسمان عومەرنژاد ۱۰ـ بێهرووز حەمزه‌پوور ۱۱ـ محەممەد حوسێنپوور

شنۆ: ۱ـ سەید کەماڵ تەهایی ۲ـ ئەبووبەکر خاتەمی تەمەن ۴۷ ساڵ ۳ـ هادی جامعی تەمەن ۳۸ ساڵ ۴ـ سامی خزری ۵ـ مەسعوود خزری ۶ـ حەمزه زیباکەلام ۷ـ مەتین چووپانی تەمەن ۲۰ ساڵ

سنە: ۱ـ شیروان حەیدەری ۲ـ ئیدریس حەیدەری ۳ـ سیروان حاتەمی ۴ـ سەعید باباکەرەمی تەمەن ۳۴ ساڵ

ئورمیه: ۱ـ ڕۆژبین ئەفسوون تەمەن ۲۲ ساڵ ۲ـ ئەوین ئەحمەدی تەمەن ۱۶ ساڵ ۳ـ ساریا ئەحمەدی تەمەن ۱۷ ساڵ

سەقز: ۱ـ فواد کشاوەرز ۲ـ سەیفوڵڵا خان غەفووری باشبڵاغ تەمەن ۷۸ ساڵ

کرماشان: ۱ـ موجتەبا وەیسی تەمەن ۳۶ ساڵ

پیرانشار: ۱ـ سەلمان پاسەنگ

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە