ڕاپۆرتی هەنگاو لەسەر دەستبەسەرکرانی چاردە هاووڵاتیی کورد لە ماوەی ۶ ڕۆژی سەرەتای مانگی دیسەمبەردا
هەنگاو؛ شەممە ۱۵ی سەرماوەزی ۲۷۲۵
لە درێژەی ڕەوتی سەرکوتکردنی ڕێکخراوانە لە کوردستان، لە ماوەی شەش ڕۆژی سەرەتای مانگی دیسەمبەردا لانی کەم چاردە هاووڵاتیی کورد لە شارە جیاوازەکانی کوردستان لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کراون. ئەوە لەحاڵێکدایە کە مانگی ڕابردووش ۵۱ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کرابوون کە ۴۵٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی تۆمارکراوی ئێرانیان پێکدێنا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی شەش ڕۆژی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان لانی کەم ۱۴ هاووڵاتیی کوردیان دەستبەسەر کردووە کە چارەنووسی هەندێکیان تا ئێستا نادیارە.
ناسنامەی هاووڵاتییانی دەستبەسەرکراو لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا دێت؛
ڕۆژی دووشەممە ۱ی دیسەمبەر:
عەزیزە مورادیان ـ هاووڵاتیی تەمەن ۵۰ ساڵی خەڵکی گوندی "تەنگیسەر"ی سەر بە شاری سنە
ڕۆژی سێشەممە ۲ی دیسەمبەر:
شەهرام نەجاڕی، تەمەن ۲۸ ساڵ، خێزاندار و خەڵکی گوندی «دلۆ»ی سەر بە پارێزگای ئورمیە
ڕۆژی چوارشەممە ۳ی دیسەمبەر:
محەممەد ئۆسلووب، خەڵکی پیرانشار
کامیل ئۆسلووب، خەڵکی پیرانشار
شوانە ئیبراهیمی، خەڵکی گوندی "ئاڵکاوێ" سەر بە شاری شنۆ
سەید ئیسماعیل سەیدمەحموودیان، تەمەن ۴۵ ساڵ و خەڵکی شنۆ
هێرش پەرنیا، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ
ڕۆژی پێنجشەممە ۴ی دیسەمبەر:
شۆڕش سەرڕووتی، تەمەن ۲۸ ساڵ و خەڵکی گوندی "نەڵیوان" سەر بە شاری شنۆ
حەسەن شادیخاە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "سینگان"ی سەر بە شاری شنۆ
ڕۆژی هەینی ۵ی دیسەمبەر:
سولەیمان ئیسماعیلی، تەمەن ۶۰ ساڵ، خەڵکی بۆکان
دیار حاجی ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان
دیان ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری بۆکان
ئەحمەد زرینگ، خەڵکی گوندی "گڵۆڵان" سەر بە شاری بۆکان
ڕۆژی شەممە ۶ی دیسەمبەر:
ئارام جەمشیدوون، هاووڵاتیی خەڵکی شاری مەھاباد
تەواوی ئەو هاووڵاتییانە لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و رێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و لە هەندێک حاڵەتدا بە بەکارھێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کراون.
لە ڕەوتی ئەو دەستبەسەرکرانانەدا، هێزە حکومەتییەکان ماڵی ئەو هاووڵاتییانەیان بە تەواوی پشکنیوە و دەستیان بەسەر هەندێک لە کەلوپەلە تایبەتەکانیان وەکوو مۆبایل و کەرەستە ئەلیکترۆنیەکانیاندا گرتووە.
شەپۆلی دەستبەسەرکرانەکان لە ڕۆژانی سەرەتای مانگی دیسەمبەر لەحاڵێکدا ئەنجام دراوە کە لە ماوەی مانگی ڕابردوودا ۵۱ هاووڵاتیی کورد دەستبەسەر کرابوون، کە ۴۵٪ی کۆی گشتیی دەستبەسەرکراوانی تۆمارکراوی ئەو مانگە لە ئێران پێکدێنن. ئەو ئامارە دەیسەلمێنێت کە کەمینە نەتەوەیی و پێکهاتەکان و بەتایبەتی کوردەکان بەردەوام ئامانجی سەرەکیی چەوساندنەوەی ناوەندە ئەمنییەکان لە ئێرانن.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو وێڕای شەرمەزارکردنی سەرکوتی بەربڵاوی هاووڵاتییانی کورد، جارێکی دیکە لەسەر پێویستیی لەبەرچاوگرتنی بنەما مافی مرۆڤییەکان پێداگری دەکات و داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکات کە سەبارەت بە درێژەی ئەو کردەوانە کاردانەوەیەکی دەستبەجێیان هەبێت.