گیەڵان؛ گیانلەدەستدانی هاووڵاتییەک بەهۆی ئەشکەنجەدرانی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکان

١٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٢:٣٠

هەنگاو؛ پێنجشەممە ١٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

هاووڵاتییەک بە ناوی "ع.م" ڕۆژێک دوای دەستبەسەرکرانی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دەستبەسەرگەی بنکەی ئینتزامیی شاری گیەڵان بەهۆی ئەشکەنجەدرانی لە لایەن ئەو هێزانەوە گیانی لەدەست دا. ئەو هاووڵاتییە بە تۆمەتی بەشداری لە کوشتنی بە ئەنقەستی هاووڵاتییەکی دیکە دەستبەسەر کرابوو.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ١٣ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هاووڵاتییەک بە ناوی "ع.م" لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە دەستبەسەر کرا و یەک ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانان (٤ی سێپتەمبەر) بەهۆی ئەشکەنجەدرانی لە لایەن ئەو هێزانەوە لە دەستبەسەرگەی گیەڵان گیانی لەدەست دا. تا ئێستا بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی تەواویی ئەو هاووڵاتییە بەدواداچوون دەکرێت.

بەپێی نووسینی سایتی حکومەتیی ئیرنا، خدر وەیسی، داواکاری گشتی و شۆڕشی شاری گیەڵان دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کوژرانی هاووڵاتییەکی دەستبەسەرکراو بەهۆی ئەشکەنجەدرانی لە لایەن هێزە ئینتزامییەکانەوە، ڕایگەیاندووە کە: "ئەو کەسە خاوەن پێشینەی هەندێک تاوانی دیکە و هەروەها بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بووە و لەم دواییانەدا تۆمەتباری سەرەکیی کوژرانی یەکێک لە هاووڵاتییان بووە. ناوبراو ڕۆژی سێشەممە (١٣ی خەرمانان) بە فەرمانی دادوەری و بە بڕیاری دابینکردنی تاوانی گونجاو دەستبەسەر کرابوو."

ناوبراو هەروەها کوتویەتی کە: "ڕۆژی ڕابردوو (١٤ی خەرمانان) ئەو کەسە لە کاتی گواستنەوەی بەمەبەستی لێپرسینەوە، بارودۆخی تێک چووە و هەوڵەکانی پۆلیس و بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانە بەمەبەستی ڕزگارکردنی ناوبراو بەبێ کاریگەری ماوەتەوە و گیانی لەدەست داوە. لێکۆڵینەوەکان لەسەر شوێنی ڕاگرتن و پشکنینی تەرمەکەی دەیسەلمێنێت کە بە پێچەوانەی ئەوەی لە میدیا دژبەرەکان ڕاگەیەندراوە تەرمی ناوبراو ئاسەواری لێدان و کوتانی لەسەر نەبووە و هەر بەو هۆیەشەوە بابەتی ئەشکەنجەدرانی بابەتێکی هەڵەیە."

ئەوە لە حاڵێکدایە کە بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەی هەنگاو ناوبراو بەهۆی ئەشکەنجەی هێزە ئینتزامییەکان و تەنیا یەک ڕۆژ دوای دەستبەسەرکرانی گیانی لەدەست داوە. ئەو هاووڵاتییە لەگەڵ ژنێکی خەڵکی گیەڵان و پیاوێکی دیکە دەستبەسەر کرابوون.

بە پشتبەستن بە ئامارە تۆمارکراوەکان لە ناوەندی ئامار و بەڵگەنامەکانی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو و بە هەژمارهێنانی ئەم حاڵەتە، لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٤ی زایینی تا ئێستا لانی کەم هەشت هاووڵاتی دوای دەستبەسەرکران لە لایەن ناوەندە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەست داوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە