ڕاپۆرتێک لەسەر کوژرانی مورادبەیگ زارعی بەندکراوی کورد لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێک لە بەندیخانەی هەمەدان

٦ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٧:٠٤
هەنگاو؛ هەینی ۶ی پووشپەڕی ۲۷۲۵
بەندکراوێکی کورد بەناوی مورادبەیگ زارعی کە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە ماددە هۆشبەرەکان لە بەندیخانەی هەمەدان ڕاگیرابوو، لە ئەنجامی تێکهەڵچوونێک لەو بەندیخانەیە بە چەکی سارد بریندار کرا و گیانی لەدەست دا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی سێشەممە ۳ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۴ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، مورادبەیگ زارعی، بەندکراوی خەڵکی شاری هەرسین سەر بە پارێزگای کرماشان لە ڕەوتی تێکهەڵچوونی نێوان بەندکراوان لە بەندیخانەی ناوەندیی هەمەدان گیانی خۆی لەدەست دا.
ئەو بەندکراوە کە ماوەی دوو ساڵ لە سزای بەندکرانەکەی خۆی لەو بەندیخانە تێپەڕ کردبوو، دوای برینداربوون بە چەکی سارد بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە و بەهۆی سەختی برینەکانی گیانی لەدەست دا.
سەرچاوە: هەنگاو كوردی