ئاگاهی نەهاوەند؛ حەیدەر محەممەدی دوای شەش کاتژمێر لە دەستبەسەرکرانەکەی لە ژێر ئەشکەنجەدا کوژرا

٢٣ ڕەشەمە ٢٧٢٤، ١٦:٠٧

هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٣ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤

لاوێکی خەڵکی خوڕەماوا بە ناوی حەیدەر محەممەدی (حەسەنوەد) چەند کاتژمێر دوای دەستبەسەرکراکەی لەم شارە و گواستنەوەی بۆ دستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی شاری نەهاوەند لە پارێزگای هەمەدان، لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە گیانی لە دەست دا. 

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ٢٢ی ڕەشەممەی ٢٧٢٤ (١٢ی مارسی ٢٠٢٤)، حەیدەر محەممەدی (حەسەنوەند) لاوی تەمەن ٣٧ ساڵی سەڵت و خەڵکی خوڕەماوا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی نەهاوەندی سەر بە پارێزگای هەمەدان لە ژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئەم ناوەندە ئەمنییە گیانی لە دەست دا. 

یەکێک لە ئەندامانی بنەماڵەی محەممەدی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند: "کاتژمێر ٩ی بەیانی هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهیی نەهاوەند بە هاوکاری هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی خوڕەماوا هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی حەیدەر محەممەدی و ناوبراویان لە پێش چاوی خوشک و دایکە بەساڵاچووەکەی بە توندی داوەتە بەر لێدان و دەستبەسەریان کردووە. 

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتیشی کە حەیدەر حەسەنوەند دوای گواستنەوەی بۆ ئیدارەی ئاگاهیی نەهاوەند لە لایەن هێزەکانی ئەم ناوەندە دراوتە بەر لێدان و کاتژمێر ٣ی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ پەیوەندیان پێوە گرتووین کە حەیدەر گیانی لەدەست داوە و بێن تەرمەکەی وەرگرنەوە.

هەنگاو زانیوەیەتی کە ڕۆژی پێنجشەممە تەرمی حەیدەر محەممەدی لە کاتێکدا کە بە سەختی ئەشکەنجە درابوو و شوێنی شینبوونەوە لەسەر جەستەی دیار بووە بە بنەماڵەی دراوەتەوە و ئیزنیان نەداوە وێنە و ڤیدیۆ لە پەیکەرەکە بگرن. 

یەکێکی دیکە لە نزیکانی بنەماڵەی محەممەدی بە هەنگاوی وتووە کە هۆکاری دەستبەسەرکرانی حەیدەر محەممەدی تێکەڵچوونی چەند ڕۆژ پێشی ناوبراو لەگەڵ هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی لە گەورەرێێ هەمەدان بووە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە