کوشتاری سوپای پاسداران لە ناوخۆ بە پاساوی هێرشی دەرەکی؛ فواد عەلیخانی، لاوێکی کورد و خەڵکی کرماشان لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی سوپا کوژرا

٧ پووشپەڕ ٢٧٢٥، ١٥:٠٩

هەنگاو؛ شەممە ۷ی پووشپەڕی ۲۷۲۵

لە درێژەی سەرکوتی بەرفراوانی هاووڵاتییان لە کاتی شەڕ و پاش ئاگربەستی ئێران و ئیسرائیل، فواد عەلیخانی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی مایەشت سەر بە پارێزگای کرماشان لەژێر ئەشکەنجەی سەختی هێزەکانی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران کوژرا. بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییە سەبارەت بە میدیاییکردنەوەی هەواڵی کوژرانی حکومەتیی ناوبراو هەڕەشەیان لێ کراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی دووشەممە ۲ی پووشپەڕی ۲۷۲۵ (۲۳ی ژۆئەنی ۲۰۲۵)، فواد عەلیخانی، تەمەن ۴۱ ساڵ و خەڵکی گوندی "دەرەکە"ی سەر بە شاری مایەشت لەژێر ئەشکەنجە لە دەستبەسەرگەی سوپا گیانی لەدەست دا. ناوبراو پێشتر لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستبەسەر کرابوو.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری نزیک لە بنەماڵەی فواد عەلیخانی، ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی یەکشەممە ۱ی پووشپەڕ، لە خاڵێکی پشکنین لە ڕێگای گەڕانەوەی لە شاری کرماشان بۆ مایەشت بەناوی خاڵی پشکنینی "ئازادێگان" دوای بەرخۆدان بۆ پێدانی مۆبایلەکەی، لە لایەن هێزەکانی سوپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرابوو.

ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە ئاسەواری شین بوونەوە لەسەر تەواوی جەستەی ئەو هاووڵاتییە دەبیندرا و ددانەکانی سینگی لەژێر ئەشکەنجەدا شکێندرابوو.

سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش ۲۴ کاتژمێر، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە، بە بنەماڵەی فواد عەلیخانییان ڕاگەیاندووە کە تەرمی منداڵەکەیان لە نەخۆشخانەی تاڵقانی کرماشانە. تەرمی ئەو گەنجە ڕۆژی سێشەممە بۆ پزیشکی داد گواستراوەتەوە و چوارشەممە بەخاک سپێردراوە.

هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، بنەماڵە و کەسانی نزیکی فواد عەلیخانی سەبارەت بە میدیاییکردنەوەی هەواڵی کوژرانی حکومەتی ناوبراو هەڕەشەیان لێ کراوە و پزیشکی داد لەژێر گوشاردا، هۆکاری کوژرانی ئەو هاووڵاتییەی بە ڕاوەستانی دڵ تۆمار کردووە.

شایەنی باسە کە فواد عەلیخانی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و پاش یەک مانگ دەستبەسەربوون لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە