ڕاپۆرتێک لەسەر مەرگی گوماناوی شەمسەددین ئیسماعیلی لە بەندیخانەی دیاربەکر

هەنگاو؛ سێشەممە ۲۰ی جۆزەردانی ۲۷۲۵
هاووڵاتییەکی گەنجی کورد و خەڵکی شارۆچکەی کۆتۆلی سەر بە شاری خۆی بەناوی شەمسەددین ئیسماعیلی، پاش ۴۵ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی شاری ئامەد سەر بە باکووری کوردستان، بەشێوەیەکی گوماناوی گیانی خۆی لەدەست دا. هۆکاری مەرگی ئەو هاووڵاتییە کە لە بەندیخانە ئەشکەنجە درابوو بە "خۆکوشتن" ڕاگەیەندراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، شەمسەددین ئیسماعیلی، هاووڵاتیی تەمەن ۲۵ ساڵی خەڵکی گوندی هندوان سەر بە شارۆچکەی کۆتۆلی شاری خۆی، پاش ۴۵ ڕۆژ دەستبەسەربوون لە بەندیخانەی دیاربەکر گیانی لەدەست دا. ڕۆژی پێنجشەممە ۸ی جۆزەردانی ۲۷۲۵ (۲۹ی مەی ۲۰۲۵) هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەندرا و هۆکاری مەرگی ناوبراو بە خۆکوشتن نێو بردرا.
تەرمی ئەو هاووڵاتییە چوارشەممە ۱۴ی جۆزەردان (۴ی ژوئەن) ڕادەستی بنەماڵەکەی کرا و ئێوارەی یەکشەممە ۱۸ی جۆزەردان لە سنووری ڕازی شاری خۆی بۆ ئێران گواسترایەوە و بەیانی ڕۆژی دووشەممە بۆ ئورمیە نێردرا.
بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەو هاووڵاتییە بەمەبەستی کارکردن ڕووی لە تورکیا کردبوو و لە وێستگەیەک لە دیاربەکر دەستبەسەر کرابوو و دواتر بۆ بەندیخانەی ئەو شارە گواسترابۆوە. ئەو سەرچاوە هەروەها ڕایگەیاندووە کە، شەمسەددین ئیسماعیلی بەهۆی ئەوەی پێشتر بە ماتۆڕ تووشی ڕووداوی هاتووچۆ هاتبوو باری تەندروستی گونجاوی نەبووە و سەرەڕای ئەوەش لە بەندیخانەی دیاربەکر بەسەختی ئەشکەنجە دراوە.
هۆکاری دەستبەسەرکرانی ئەو هاووڵاتییە بە بنەماڵەکەی بەبێ وردەکاری و شرۆڤەیەک لەسەر ئەو بابەتە بە تاوانباربوونی ناوبراو ڕاگەیەندراوە.