بەندیخانەی ئێڤین؛ ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی تەندروستی موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسی کورد و بێبەش کرانی لە پێ ڕاگەیشتنی پزیشکی

١٧ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٧:٣٧

هەنگاو؛ شەممە ١٧ی خەرمانانی ٢٧٢٤

موتەلیب ئەحمەدیان، بەندکراوی سیاسی کورد و خەڵکی بانە و کە لە بەندیخانەی ئێڤینە، لە حاڵێکدا چواردەیەمین ساڵی بەندکرانی خۆی تێپەردەکات، سەرەڕای پێویستی بە پێڕاگەیشتنی پزیشکیی لە دەرەوەی بەندیخانە، بەپرسانی بەنیخانە ئیزنی ناردنی بۆ نەخۆشخانەی پێ نادەن.

بەگوێرەی هەواڵی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، موتەلیب ئەحمەدیان بەندکراوی سیاسی تەمەن ٣٩ ساڵ و خەڵکی بانە، دوای ئەوەی لە بەشی ڕیخۆڵەی نەشتەرگەری بۆ کراوە، گوازراوەتەوە بۆ بەندیخانە، تووشی هەوکردن و هاوکات ئاوسانی سک بووە و سییەکانی پڕ بووە لە ئاو و کێشەی ئازاری سینگ و لێدانی زۆر توندی دڵی هەیە، بەڵام بەرپرسانی بەندیخانەی لە ناردنەوەی بۆ نەخۆشخانە ڕێگری دەکەن.

ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردوو، تووشی چەندین کێشەی جۆراوجۆری تەندروستی بووە و هیچ کات پێ ڕاگەیشتنی پێویستی پزیشکی بۆ ئەنجام نەدراوە و بە هۆیەوە نەخۆشییەکانی پەرەی سەندووە.

بەهۆی ئەوەیکە نەخۆشییەکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە بەتەواوەتی چارەسەر نەکراون کە ئەمەش بووەتە هۆکاری پەرەگرتنی زیاتری نەخۆشی و ئازارەکانی و هەروەها کاریگەرییە نەرێنی و زیانەکانی لەسەر تەندروستیی جەستەیی و دەروونیی ناوبراو بەردەوام ڕووی لە زیادبوونە.

شایانی باسە کە موتەلیب ئەحمەدیان لە مانگی سەرماوەزی ٢٧٢٢، بۆ قۆناغی یەکەمی نەشتەرگەریی سێ قۆناغیی کۆئەندامی "حەوێنجی"ی، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا و ڕۆژێک دوای نەشتەرگەرییەکەی، بەبێ تەواوکردنی ڕەوتی دەرمانی و چارەسەریی پزیشکی، گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانە.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ٩ی ڕێبەندان، هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزای چوار بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی موحسین مەزڵووم، محەممەد فەرامەرزی، وەفا ئازەبار و پژمان فاتیحی، دەستی بە مانگرتن لە خواردن کرد و دواتر بەهۆی تێکچوونی باری تەندروستییەوە، ڕۆژی ١٠ی ڕێبەندان کۆتاییی بە مانگرتنەکەی هێنا.

شایانی باسە کە پێشتر پارێزەری موتەلیب ئەحمەدیان ئاماژەی بە تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکانی ئەو بەندکراوە سیاسییە کردووە و داوای ڕاگرتنی درێژەی ماوەی سزای بەندکرانەکەی ناوبراوی کردووە، کە دواجار بەهۆی دەستتێوەردانی وەزارەتی ئیتلاعات لە بڕیاردانی کۆمیسیۆنی پزیشکی، ئەو داوایە ڕەت کراوەتەوە.

موتەلیب ئەحمەدیان پاش ٢٣٠ ڕۆژ لە ژووری تاکەکەسی کە هاوکات بە شێوەیەکی دڕندانە ئەشکەنجە کراوە، بە تۆمەتی "موحاڕبە لە ڕێگەی ئەندامەتی کۆمەڵە" سزای ٣٠ ساڵ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە.

لە دوو دۆسیەی دیکەدا بە تۆمەتی "بەزاندنی نایاساییی سنوورەکانی ئێران" سزای بڕی ١ ملیۆن ڕیاڵ پێ بژاردن و ساڵێک بەندکردن و هەروەها بە تۆمەتی "هاودەستبوون لە کوشتن" سزای ٩ ساڵ بەندکردن و پێبژاردنی نیوەی تەواوی خوێنبایی (دیە) و بڕی ٢٠ ملیۆن تمەنی ئێرانیی بەسەردا سەپاوە.

دەبێت ئاماژە بەوەش بکرێت کە ئەم بەندکراوە سیاسییە لە ١٣ی ڕەزبەری ساڵی ٢٧٠٩ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و ئێستا لە بەندی چوارەی بەندیخانەی ئێڤین لە دۆخێکی نالەباری جەستەیی و دەروونیی زۆر دژاوردا سزای ٣٠ ساڵەی بەندکردنەکەی تێپەڕ دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە