ئازادیی عەلی بەختشاهی، چالاکی سیاسی کۆمەڵایەتیی کورد لە بەندیخانەی ئێڤین
هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٥ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
عەلی (دیار) بەختشاهی، چالاکی سیاسی کۆمەڵایەتیی کورد و خەڵکی شاری دەرگەزی سەر بە پارێزگای خوراسانی ڕەزەوی دوای تێپەڕکردنی تەواوی ماوەی دوو ساڵ سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤ (١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، عەلی بەختشاهی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی خوراسان، دوای تێپەڕکردنی سزای دوو ساڵ بەندکرانەکەی بە مەرەخەسیی پەیوەست بە ئازادی لە بەندیخانەی ئێڤین ئازاد کرا.
ئەو هاووڵاتییە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١ی فێبریوەریی ٢٠٢٣)، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرابوو.
دیار بەختشاهی ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧١٩ لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەقیسە" بە تۆمەتی "چالاکی بەمەبەستی ژیاندنەوەی زمانی کوردی و پەرەدان پێدان بە زمانی دایکی" و "پاڵپشتی لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان" سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە دوای داوای پێداچوونەوە لە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧١٩ لە لایەن لقی ٣٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە.
هەنگاو ئاگادار کراوەتەوە کە، ئەو سزایە هاوینی ئەمساڵ دوای داوای دادگاییکردنەوە لە دیوانی باڵای وڵات، ڕەت کراوەتەوە و بۆ لقی ٢١ نێردراوە و لەو لقەدا سزای پێنج ساڵ بەندکرانی ئەو هاووڵاتییە بۆ دوو ساڵ بەندکران کەم کراوەتەوە.
ئەو چالاکە سیاسییە ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ (٢٥ی جەنیوەریی ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە بەندی ئەلفی دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە ڕاگیرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.