بەندیخانەی ئێڤین؛ ڕاپۆرتێک لەسەر دوایین بارودۆخی عەلی عەلیشاهی، بەندکراوی سیاسیی کورد

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٤، ٢٠:١٢

هەنگاو؛ یەکشەممە ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤

عەلی (دیار) عەلیشاهی، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی خوراسانی ڕەزەوی، ماوەی ٥٨٧ ڕۆژە کە دەستبەسەر کراوە و سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندراوە و ئێستا ئەو سزایە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران تێپەڕ دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، عەلی عەلیشاهی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی خوراسان کە ئێستا سزای بەندکرانەکەی خۆی لە بەندیخانەی ئێڤین تێپەڕ دەکات، پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتگەلی وەکوو "ژیاندنەوەی زمانی کوردی و پەرەپێدان بە زمانی دایکی" سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو و لە مانگی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ەوە بەمەبەستی جێبەجێکرانی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە.

دیار عەلیشاهی ڕۆژی هەینی ٥ی ڕێبەندانی ٢٧١٨ (٢٥ی جەنیوەریی ٢٠١٩) لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانەوە لە تاران دەستبەسەر کرابوو و بۆ ماوەی ٣٦ ڕۆژ لە بەندی ئەلفی دەستبەسەرگەی ئەو ناوەندە ئەمنییە ڕاگیرابوو و دواتر بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی ئازاد کرابوو.

شایەنی باسە کە، ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ٢٧١٩ لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مەقیسە" بە تۆمەتی "چالاکی بەمەبەستی ژیاندنەوەی زمانی کوردی و پەرەدان بە زمانی دایکی" و "پاڵپشتی لە ڕیفراندۆمی ساڵی ٢٠١٧ی هەرێمی کوردستان" سزای ٥ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە دوای داوای پێداچوونەوە لە ١٩ی پووشپەڕی ٢٧١٩ لە لایەن لقی ٣٦ی دادگای شۆڕشی تارانەوە بە تەواوی پشتڕاست کرایەوە.

ئەو هاووڵاتییە لە ١٢ی ڕێبەندانی ٢٧٢٢ (١ی فێبریوەریی ٢٠٢٣)، بەمەبەستی جێبەجێکردنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کراوە و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواستراوەتەوە و ئێستا لەو بەندیخانەیەدا سزای بەندکرانەکەی تێپەڕ دەکات.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە