جێبەجێکرانی سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو

١٩ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٥:٥٧

هەنگاو؛ دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی بەندکراوێکی کورد و خەڵکی سایین‌قەڵا بەناوی فەیزوڵڵا حوسێن‌پوور، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو جێبەجێ کرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، فەیزوڵڵا حوسێن‌پوور، باوکی سێ منداڵ، خەڵکی گوندی "چراخەواڵ" سەر بە شاری سایین‌قەڵا و دانیشتووی بۆکان، لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، ئەو بەندکراوە پێنج ساڵ پێشتر لە ڕەوتی تێکهەڵچوونێکدا بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر کرابوو و لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو دوایین چاوپێکەوتنی لەگەڵ بنەماڵەی هەبوو.

هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەو بەندکراوە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت میدیا پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە