ئیلام؛ جێبەجێکرانی سزای سێدارەی دنیا محەممەدی، ژنی تەمەن ۲۰ ساڵی کورد لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام

٢٩ گەلاوێژ ٢٧٢٦، ١٠:١٥

هەنگاو؛ پێنجشەممە ۲۹ی گەلاوێژی ۲۷۲۶

سزای سێدارەی ژنێکی گەنجی کورد بەناوی دنیا محەممەدی، تەمەن ۲۰ ساڵ و خەڵکی شاری ئەیوان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا. ناوبراو لە کاتی دەستبەسەربوونیدا ۱۸ ساڵان بووە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ۲۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۹ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، سزای سێدارەی ژنێک بەناوی دنیا محەممەدی خەڵکی ئەیوان لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام جێبەجێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری هەنگاو، دنیا محەممەدی دوو ساڵ پێش لە تەمەنی ۱۸ ساڵیدا بە تۆمەتی کوشتنی بە ئەنقەستی ئامۆزاکەی (خوازبێنی ناوبراو) لە ڕێگای ژەهراویکردنی بە حەبی برنج دەستبەسەر کرا و لە لایەن دەزگای دادوەرییەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا.

هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەو بەندکراوە هەتا کاتی داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە لە میدیا فەرمییەکانی نێوخۆی ئێران و ناوەندە پەیوەندیدارەکان بە دەزگای دادوەرییەوە بڵاو نەکراوەتەوە.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە