ڕاپۆرتێک لەسەر جێبەجێکرانی سزای سێدارەی لانی کەم ١٠ بەندکراو لە بەندیخانەکانی قزڵحیسار و میاندواو
هەنگاو؛ چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٤
ڕۆژی چوارشەممە سزای سێدارەی لانی کەم ١٠ بەندکراو لەوانە دوو هاووڵاتیی کورد، دوو هاووڵاتیی تورک، هاووڵاتییەکی بەلووچ و کەسێکی خەڵکی ئەفغانستان کە پێشتر بە تۆمەتگەلی وەکوو کوشتنی بەئەنقەست و تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەکانی قزڵحیسار و میاندواو جێبەجێ کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، سەر لەبەیانی چوارشەممە ٢١ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ (١١ی دیسەمبەری ٢٠٢٤)، سزی لە سێدارەدانی چوار بەندکراو بە ناوەکانی ئەحمەد جەهانخانی خەڵکی کەرەج، سیرووس ئەحمەدی خەڵکی کرماشان، مەیسەم کارگەر خەڵکی ئیلام و حەسەن یووسفی خەڵکی تاران کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج، ناوەندی پارێزگای ئەلبۆرز جێبەجێ کرا.
هاوکات، سێ بەندکراوی دیکە بە ناوەکانی ڕەحمان سەرلەک خەڵکی ئەلیگودەرزی پارێزگای لوڕستان، ناسر شاهووزەهی (تەخەشی) خەڵکی زاهیدان و ئیمان موقەدەم خەڵکی شاری وەرامین لەگەڵ کەسێکی خەڵکی ئەفغانستان بە ناوی عەبدوڵڵا تاجیک کە پێشتر بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، لەم بەندیخانەیە جێبەجێ کراوە.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی هەنگاو، مەسعوود جەلیلیان خەڵکی کرماشان و حەسەن مەنسووری خەڵکی کۆیەشت کە بۆ ژووری تاکەکەسیی گواسترابوونەوە، سزاکەیان جێبەجێ نەکراوە. ئەم دوو هاووڵاتییە بە تۆمەتی پەیوەندیدار بە مادە هۆشبەرەکانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
لە لایەکی دیکەوە، دوو بەندکراوی تورک بە ناوەکانی سەجاد عەزیزی و ئیبراهیم وەلی زادە کە پێشتر بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو، سزاکەیان لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو جێبەجێ کرا. ئەم دوو هاووڵاتییە خەڵکی گوندی نەسیر کەندی شاری میاندواو بوون کە بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست لە لایەن دادگای تاوانەکانی یەکی میاندواو سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرابوو.
هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دە بەندکراوە، تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە لە میدیا حکوومەتییەکان بە تایبەت میدیا پەیوەندیدارەکانی نزیک لە دەزگای دادوەری ڕانەگەیێندراوە.