بەندیخانەی ناوەندیی سنە؛ جێبەجێکرانی سزای لەسێدارەدانی کاوە ڕفووشە سەرەڕای کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیی هاووڵاتییان
هەنگاو؛ سێشەممە ۲۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
سزای لەسێدارەدانی بەندکراوێکی کورد بە ناوی کاوە ڕفووشە، تەمەن ۳۵ ساڵ و خەڵکی سنە، لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارەدا جێبەجێ کرا. جێبەجێکرانی ئەم سزایە لە کاتێکدا بوو کە کۆمەڵێک لە هاووڵاتییان و چالاکانی مەدەنی شەوی پێشوو لە بەردەم بەندیخانە کۆببوونەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ۲۷ی گەلاوێژی ۲۷۲۶ (۱۸ی ئاگۆستی ۲۰۲۶)، سزای لەسێدارەدانی کاوە ڕفووشە لە بەندیخانەی ناوەندیی سنە جێبەجێ کرا. ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ۲۵ی گەلاوێژ بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی بۆ ژووری تاکەکەسی گواسترابووەوە.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، کاوە ڕفووشە نزیکەی ۳ ساڵ پێش ئێستا لە ڕەوتی تێکهەڵچوونێکی سەر شەقامدا لە سنە کەسێکی کوشتبوو و دواتر خۆی ڕادەستی پۆلیس کردبوو. ناوبراو دواتر لەلایەن دادگای سزاکانی سنەوە بە تۆمەتی «کوشتنی ئەنقەست» سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ئەو ڤیدیۆیانەی کە بە هەنگاو گەیشتوون، ئێوارەی ڕۆژی دووشەممە ۲۶ی گەلاوێژ، کۆمەڵێک لە چالاکانی مەدەنی و هاووڵاتییانی سنە بە کۆبوونەوە لە بەردەم بەندیخانەی ناوەندیی ئەم شارە و دانی دروشمی «نا بۆ سێدارە»، داوای ڕاگرتنی جێبەجێکرانی سزاکە و وەرگرتنی لێخۆشبوونی بنەماڵەی کوژراوەکەیان کرد، بەڵام دەزگای دادوەری ، سزاکەی بەرەبەیانیی سێشەممە جێبەجێ کرد.