جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد لە بەندیخانەی میاندواو

٢٠ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٠:٠٥

هەنگاو؛ سێشەممە ٢٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کوردی خەڵکی سایین قەڵا بە ناوەکانی سولەیمان قەهرمانی و فەیزوڵڵا حوسێن پوور، کە پێشتر بە تۆمەتی "کوشتنی بە ئەنقەست" دەستبەسەر و لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرابوو، لە بەندیخانەی ناوەندیی میاندواو جێبەجێکرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە ١٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٩ی سێپتەمبەر ٢٠٢٤)، سزای سێدارەی دوو بەندکراوی کورد بە ناوەکانی سلێمان قەهرەمانی تەمەن ٢٩ ساڵ و فەیزوڵڵا حوسێن پوور لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری میاندواو جێبەجێکرا. ئەم دوو بەندکراوە ڕۆژی شەممە بۆ جێبەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بۆ ژووری تاکە کەسی گوازرابوونەوە.

فەیزوڵڵا حوسێن پوور، باوکی سێ منداڵ و خەڵکی گوندی "چراخەواڵ" و سلێمان قەهرەمانی خەڵکی گوندی "حەسەن لۆڵان" هەردووکیان پێنج ساڵ لەمەوپێش لە دوو دۆسیەی جیاوازدا بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست دەستبەسەر و دواتر لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێنرا.

تاکوو داڕشتنی ئەم ڕاپۆرتە، هەواڵی لەسێدارەدانی ئەم دوو بەندکراوە کوردە لە میدیا حکومەتییەکان بەتایبەت لە میدیاکانی نزیک لە دەزگای دادوەری بڵاو نەکراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە