پیرانشار؛ سزای ئومێد ئەحمەد ڕەش گۆڕدرا بۆ ڕێگە باز

١٢ خەرمانان ٢٧٢٤، ١١:٠٣

هەنگاو؛ دووشەممە ١٢ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سزای بەندکرانی ئومێد ئەحمەد ڕەش، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری پیرانشار کە پێشتر بە ١٥ مانگ بەندکران سزا درابوو، گۆڕدرا بۆ ڕێگە باز.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سزای بەندکرانی ئومێد ئەحمەد ڕەش، خەڵکی گوندی "لک بن"ی پیرانشار، دوای تێپەڕکردنی نزیک بە ٨ مانگ لە ماوەی بەندکرانەکەی گۆڕدرا بۆ ڕێگا باز و ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە بەسەردەبات.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەستبەسەر بوونی لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری نەغەدە لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەش بووە.

ئومێد ئەحمەد ڕەش، ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٤ (١٣ی ژانویەی ٢٠٢٤)، دوای بانگکرانی لەلایەن ناوەندی بەڕێوەبەری سزاکانی ئەم شارە، دەستبەسەر کرا و بۆ جێبەجێکرانی سزایەکەی بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترابۆوە.

ئومێد ئەحمەد ڕەش، پێشتر لەلایەن دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە سەرۆکایەتی دادوەر "ئۆجاقلوو" بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکڕاتی کوردستانی ئێران" بە ١٥ مانگ بەندکران سزا درابوو.

جێگای باسە کە، ئومێد ئەحمەد ڕەش ٢٥ی پووشپەڕی ساڵی ڕابردوو لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و دوای چەند ڕۆژ بە دانانی بارمتەی چوار ملیار تمەنی بۆ ماوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی ماوەی دادگاییەکەی لە بەندیخانە ئازاد کرابوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە