بەندیخانەی نەغەدە؛ محەممەد سۆهرابی دوای نزیک بە یازدە مانگ دەستبەسەری بە شێوەی کاتی ئازاد کرا
هەنگاو؛ هەینی ١٤ی سەرماوەزی ٢٧٢٥
محەممەد سۆهرابی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی پیرانشار و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی «ژن، ژیان، ئازادی»، دوای نزیک بە یازدە مانگ دەستبەسەری، بە دانانی بارمتەی یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن تمەنی بە شێوەیەکی کاتی هەتا کۆتایی قۆناغەکانی لێکۆڵینەوە لە گرتووخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە ١٢ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (٣ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، محەممەد سۆهرابی، خەڵکی پیرانشار، تەمەن ٣٢ ساڵ و باوکی منداڵێکی چوار ساڵە، دوای ٣١٨ ڕۆژ دەستبەسەری بە شێوەی کاتی لە گرتووخانەی نەغەدە ئازاد کرا.
هەنگاو ماوەیەک پێش ئێستا لە زاری سەرچاوە ئاگادارەکانەوە نووسی کە محەممەد سۆهرابی سەرەڕای دابینکردنی بارمتە، بەهۆی دژایەتیی توند و چەندبارەی وەزارەتی ئیتلاعات، لە مافی ئازادیی کاتی بێبەش کرابوو.
محەممەد سۆهرابی ڕۆژی دووشەممە ١ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٠ی ژانوییەی ٢٠٢٥)، لە شوێنی کارەکەی دەستبەسەر کرا و کەمێک دواتر، ماڵی تایبەتیشی لەلایەن هێزە حوکوومییەکانەوە پشکنینی بەسەردا کرا.
ناوبراو دوای قۆناغێک لێکۆڵینەوە بە تۆمەتی نادیارەوە بۆ گرتووخانەی ناوەندیی نەغەدە گوازرایەوە.
ئەم هاووڵاتییە کە لە درێژەی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیشدا دەستبەسەر کرابوو، پێشتر لەلایەن دەزگای قەزایی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە ١٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و ساڵێک دوورخستنەوە سزا دراوە.