باپیر بەرزە، بەندکراوی سیاسیی کورد دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا

هەنگاو؛ دووشەممە ۲۱ی ڕەزبەری ۲۷۲۵
باپیر بەرزە، چالاکی مەدەنی، بەندکراوی سیاسیی پێشوو و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی خەڵکی شاری پیرانشار، دوای کۆتاییهاتنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ۲۰ی ڕەزبەری ۲۷۲۵ (۱۲ی ئۆکتۆبەری ۲۰۲۵)، باپیر بەرزە، چالاکی مەدەنی و بەندکراوی سیاسیی پێشوو خەڵکی گوندی «چیانە»ی سەر بە پیرانشار دوای کۆتایی هاتنی ماوەی سزای بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرا. ناوبراو ۲۳ی بەفرانباری ۲۷۲۳ بە مەبەستی تێپەڕاندنی سزای بەندکرانەکەی دەستبەسەر کرابوو.
ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی شەممە ٢٣ی بەفرانباری ٢٧٢٣ (١٣ی جەنیوەری ٢٠٢٤)، دوای بانگکرانی لە لایەن لقی جێبەجێکردنی سزاکانی نەغەدە، دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ئەو شارە گواسترایەوە.
باپیر بەرزە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە تۆمەتی "ئەندامێتی لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای ٤ ساڵ و ٦ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
ئەو بەندکراوە سیاسییە پێشووە پێشتریش بەهۆی چالاکییەکانییەوە دەستبەسەر و سزای قورسی دادوەریی بەسەردا سەپێندراوە.
ناوبراو هەروەها مانگی بانەمەڕی ۲۷۲۳ لە لایەن لقی ۱۰۲ی دادگای تاوانەکانی دووی پیرانشار بە سەرۆکایەتیی دادوەر ڕەزا قارەمانی ساغلوو بە تۆمەتی وەکوو "ئەندامێتی لە گرووپە دژبەرەکان"، "پڕۆپاگەندەی دژ بە حکومەت" و "پێکهێنانی باند و گرووپ بە مەبەستی ئەنجامی سزای دژ بە ئاسایشی نیشتمانی" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.
باپیر بەرزە ڕۆژی سێشەممە ١ی سەرماوەزی ۲۷۲۲، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی"دا دەستبەسەر و ڕۆژی پێنجشەممە ٦ی ڕێبەندانی هەمان ساڵ بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی نەغەدە ئازاد کرابوو.
ئەو چالاکە مەدەنییە پێشتر مانگی سەرماوەزی ۲۷۱۸، لە لایەن هێزە حکومەتییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و سزای بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو. ناوبراو لە ئاکامدا ڕۆژی چوارشەممە ۷ی ڕەزبەری ۲۷۲۱ دوای تێپەڕکردنی یەک لە سێی سزای ۳۰ مانگ بەندکرانەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە ئازاد کرابوو.