بەندیخانەی نەغەدە؛ سزای بەندکرانی ئیسماعیل نەبی‌زادە، بەندکراوی سیاسیی کورد گۆڕدرا

٢٨ جۆزەردان ٢٧٢٤، ١١:٤٤

هەنگاو؛ دووشەممە ٢٨ی جۆزەردانی ٢٧٢٤

ئیسماعیل نەبی‌زادە، بەندکراوی سیاسیی کورد و لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی کە سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو، بە ڕەزامەندیی دەزگای دادوەری و وەرگرتنی بارمتە سزای بەندکرانەکەی بۆ ڕای باز گۆڕدرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دوایییانەدا ئیسماعیل نەبی‌زادە، بەندکراوی سیاسیی خەڵکی پیرانشار کە ماوەی ٢١ مانگ لە سزای بەندکرانی پێنج ساڵەکەی خۆی لە بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە تێپەڕ کردووە، بە ڕەزامەندیی دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی ئێران سزای بەندکرانەکەی بۆ ڕای باز گۆڕاوە و باقی ماوەی بەندکرانەکەی لە دەرەوەی بەندیخانەدا تێپەڕ دەکات.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، دەزگای دادوەری بە وەرگرتنی بارمتەی پێنج ملیار تمەنی داوای ئەو بەندکراوەی بۆ گۆڕینی سزاکەی قبووڵ کردووە.

ئیسماعیل نەبی‌زادە، ڕۆژی پێنجشەممە ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٢٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢)، لە ڕەوتی بزووتنەوەی "ژن ژیان ئازادی" لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و لەگەڵ بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعاتی ئورمیە گواسترایەوە. ناوبراو دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی نەغەدە گواسترابووەوە.

ئەو هاووڵاتییە کوردە لە ئاکامدا لەلایەن لقی یەکی دادگای شۆڕشی مەهاباد بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئۆجاقلوو بە تۆمەتی "ئەندامبوون لە حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" سزای پێنج ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرابوو.

 


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە