ئیلام؛ ساسان پاکڕەوان لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار بە بارمتەی قورس ئازاد کرا
هەنگاو؛ دووشەممە ٣١ی خاکەلێوەی ٢٠٧٦
ساسان پاکڕەوان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی ئیلام کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتەیەکی قورس و بە شێوەیەکی کاتی لە بەندیخانە ئازاد کرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو ، ڕۆژی پێنجشەممە ٢٨ی خاکەلێوەی ٢٧٢٦ (١٦ی نیسانی ٢٠٢٦)، ساسان پاکڕەوان، هاووڵاتیی تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی ئیلام، بە دانانی بارمتەی ٨ ملیار تمەنی و هەروەها فیشی حقوقی فەرمانبەرێک، بە شێوەیەکی کاتی تا کۆتایی هاتنی قۆناغەکانی دادگاییکردن لە بەندیخانەی ناوەندیی ئیلام ئازاد کرا.
ساسان پاکڕەوان، ڕۆژی سێشەممە ٧ی ڕێبەندانی ٢٧٢٥ (٢٧ی جەنیوەری ٢٠٢٦)، لە ئەنجامی هێرشی هێزە حکوومەتییەکان بۆ سەر ماڵی باوک و دایکی، بە شێوەیەکی دڕندانە و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەکی زۆر دەستبەسەر کرابوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەیەوە بە هەنگاو ڕایگەیاند: "ناوبراو لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تۆمەتی وەک «تەقەکردن» و «محاربه» (دژایەتی خودا)ی دراوەتە پاڵ؛ ئەو تۆمەتانەی کە دەتوانن سزای زۆر قورسی وەک سێدارەیان لەسەر بێت."
شایانی باسە کە ساسان پاکڕەوان لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکرانیدا لە مافە سەرەتایییەکانی بەندکراوێک وەک دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەش بووە و دواجار دوای نزیکەی سێ مانگ ڕاگرتن، بە دانانی بارمتەی قورسی مڵکی و فیشی مووچەی فەرمانبەرێک ئازاد کرا.