دەستبەسەرکرانی دووبارەی ئەحمەد حەسن‌زادە یەکێک لە باوکانی دادخوازی شاری بۆکان

٢٥ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٨:١٠

هەنگاو؛ یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤

ئەحمەد حەسن‌زادە ئەندامی بنەماڵە دادخوازەکان و باوکی محەممەد حەسن‌زادە لە گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی ژن ژیان ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواسترایەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ١١ پێش نیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، ئەحمەد حەسن‌زادە، هاووڵاتی تەمەن ٥٧ ساڵە و باوکی دادخوازی خەڵکی شاری بۆکان لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە بەردەم ماڵەکەی دەستبەسەر کرا.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بنەماڵەی حەسن‌زادە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە هەنگاوی وت: " مۆبایلی ئەحمەد حەسەن زادە دوای ئەوەیکە هەواڵی دەستبەسەرکرانی خۆی ڕاگەیاندووە، کوژاوەتەوە و لەم کاتەوە هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە"

ئەحمەد حەسن‌زادە ڕۆژی ٩ی گەلاوێژ (٣٠ی جولای) هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژی لەدایکبوونی کوڕە گیانبەختکردووەکەی لەگەڵ سۆلمازی کچی دەستبەسەرکرا و ڕۆژی دواتریش بە دانانی بارمتە بە شێوەیەکی کاتی ئازاد بوو.

تاکوو داڕشتنی ئەم هەواڵە، هیچ زانیارییەکی ورد لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ و شوێنی مانەوەی ئەم دوو ئەندامی بنەماڵە دادخوازە لەبەر دەست نییە.

ئەحمەد حەسن‌زادە لەگەڵ سۆلماز پێشتریش لە ڕێکەوتی ١٤ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٥ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤) دەستبەسەر کرابوون. سۆلماز حەسەن زادە شەوی چوارشەممە ٥ی ڕەزبەریش لەگەڵ سێ لە هاوڕێکانی لە ڕێگای شاری بۆکان بۆ سەقز دەستبەسەرکرابوون.

محەممەد حەسن‌زادە ئێوارەی چوارشەممە ٢٥ی خەزەڵوەری ٢٧٢٣ لە ڕەوتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی شاری بۆکان لە کاتێکدا کە هەوڵی دابوو کچێک ڕزگار بکات کە لەلایەن هێزەکانی سەرکوتکەرە حکومەتییەکانەوە ڕێفێندرابوو، بە چەند زەربەی چەقۆ و هەروەها گوللەیەکی ئەو هێزانە کە لەسەر سینگ و دڵی پێکرابوو گیانی لەدەستدا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە