بڵواناوا؛ دەستبەسەرکرانی سینا محەممەدی خوێندکاری زانکۆی کوردستان

٢٨ خەرمانان ٢٧٢٤، ١١:٣٥

هەنگاو؛ چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤

سینا محەممەدی هاووڵاتیی کوردی خەڵکی بڵواناوای شاری دێولان و خوێندکاری زانکۆ کوردستان بە بەکارهێنانی توندوتیژی لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە دەستبەسەر کرا.

بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، کاتژمێر ٤ی سەر لە بەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (١٨ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی بنەماڵەیی سینا محەممەدی لە شاری بڵواناوا و بە بەکارهێنانی توندوتیژی و لێدان ناوبراویان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار گواستوویانەتەوە.

شایانی باسە کە، سینا محەممەدی تەمەن ٢٤ ساڵ، خوێندکاری بەشی کۆمەڵناسیی زانکۆ کوردستانە لە شاری سنە.

تا کاتی داڕشتنی ئەم هەواڵە، زانیارییەکی ورد لە سەر هۆکاری دەستبەسەرکران، ئەو تۆمەتانەی دراونەتە پاڵ ناوبراو، چارەنووس و شوێنی ڕاگرتنی سینا محەممەدی لەبەر دەستدا نییە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە