تاران؛ بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو و مەهدی حەسەنی سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ٢٩ی خەرمانانی ٢٧٢٤
بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو و مەهدی حەسەنی دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا. ئەو دوو بەندکراوە پێشتر بە تۆمەتی وەکوو بەغی، موحارەبە و ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق تۆمەتبار کرابوون.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا دوو بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەی ئێڤین بە ناوەکانی مەهدی حەسەنی و بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە بەشێوەی فەرمی بە پارێزەرەکانیان ڕاگەیەندرا.
ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە پێشتر لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بە تۆمەتی وەکوو ئەندامێتی لە ڕێکخراوی موجاهدینی خەلق، موحارەبە، بەغی، افساد فی الارض، کۆکردنەوەی زانیاریی دەستەبەندیکراو و پێکهێنانی باند و گرووپ دژ بە ئاسایشی نیشتمانی تۆمەتبار کرابوون.
مەهدی حەسەنی تەمەن ٥٢ ساڵ و خەڵکی شاری ڕەی، ڕۆژی هەینی ١٨ی خەرمانانی ٢٧٢٢ (٩ی سێپتەمبەری ٢٠٢٢) کاتی ڕۆیشتنە دەرەوەی لە ئێران، لە شاری زەنجان دەستبەسەر کرا و بۆ بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.
هەروەها، بێهرووز ئیحسانی ئیسلاملوو تەمەن ٦٤ ساڵ ڕۆژی دووشەممە ٧ی سەرماوەزی ٢٧٢٢ (٢٨ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٢) لە ماڵەکەی خۆی لە تاران دەستبەسەر کرا و بۆ بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین گواسترابۆوە.