سەپاندنی سزای سێدارە بەسەر سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار لە تاران

٦ بانەمەڕ ٢٧٢٦، ٢٢:٢٨

هەنگاو؛ یەکشەممە ٦ی بانەمەڕی ٢٧٢٦

سێ کەس لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو بە ناوەکانی ئیحسان حوسێنی‌پوور حەسارلوو، مەتین محەممەدی و عیرفان ئەمیری، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەیان بەسەردا سەپا و ئەو سزایانە لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کرانەوە. بە ناردنی دۆسیەکانیان بۆ لقی جێبەجێکردنی سزاکان، مەترسیی جێەجێکرانی سزای سێدارەکەیان بەرز بووەتەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە ماوەی ڕابردوودا  سێ گەنج بە ناوەکانی مەتین محەممەدی، عیرفان ئەمیری و ئیحسان حوسێنی‌پوور حەسارلووی تەمەن ١٩ ساڵ، لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئیمان ئەفشاری"، لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ئاگردانی مزگەوتی "سەیدولشوهەدا" لە شاری پاکدەشت سزای سێدارەیان بەسەردا سەپێندراوە.

هەنگاو زانیویەتی کە سزای ئاماژەپێکراو دوای پشتڕاستکردنەوە لە دیوانی باڵای وڵات، بە بەفەرمی بۆ جێبەجێکردن ڕەوانەی یەکەی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە و مەترسیی ئەوە هەیە کە وەک تۆڵەیەک لە هەمبەر گرژییەکانی ئەم دواییانە، سزای ئەم کەسانە بە خێرایی جێبەجێ بکرێت.

دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران تۆمەتی وەپاڵخراوی ئەم سێ خۆپیشاندەرەی "بەشداری لە کوشتنی دوو هێزی بەسیج"، "ئاگردانی بە ئەنقەستی شوێنی ئایینی"، "تێکدانی موڵک و ماڵی گشتی" و "کۆبوونەوە و تەبانی دژی ئەمنییەتی وڵات" ڕاگەیاندووە.

هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە بەشێکی زۆری بەڵگەنامەکانی ئەم دۆسیەیە لەسەر بنەمای دانپێدانانی زۆرەملێ کە لەژێر ئەشکەنجەدا لە کاتی دەستبەسەرکردندا وەرگیراون و هەروەها ڕاپۆرتەکانی ناوەندە ئەمنییەکان ئامادە کراون. ئەمە لەکاتێکدایە کە تۆمەتباران لە تەواوی قۆناغەکانی دادگاییکردندا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەری سەربەخۆ و دادگاییکردنی دادپەروەرانە بێبەش بوون.

شایانی باسە کە ئەم سێ هاووڵاتییە لە کاتی خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ١٨ی بەفرانباری ٢٧٢٥ لە شاری پاکدەشت سەر بە پارێزگای دەستبەسەر کراون. لە کاتی ئاگردانی مزگەوتی ئاماژەپێکراودا، دوو هێزی سەر بە ناوەندە سەرکوتکەرەکان (بەسیج) کوژرابوون و ناوەندە ئەمنییەکان بە سیناریۆسازی و بەبێ خستنەڕووی بەڵگەی ڕوون، ئەم ڕووداوەیان خستە ئەستۆی ئەم دەستبەسەرکراوانە.

ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، دەرکردن و پشتڕاستکردنەوەی سزای سێدارە بۆ ئەم هاووڵاتییانە بە نموونەی بەرچاوی "کوشتنی حکوومەتی" و بەکارهێنانی ئامرازییانەی سزای مەرگ بۆ دروستکردنی ترس و تۆقاندن لە ناو کۆمەڵگەدا دەزانێت. هەنگاو بە سەرنجدان بە شەپۆلی ڕۆژانەی لەسێدارەدانە سیاسییەکان، هۆشداری دەدات لەسەر مەترسیی بەپەلەی جێبەجێکردنی سزای ئەم سێ بەندکراوە و داوا لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەم تاوانە، هەنگاوی خێرا و کاریگەر هەڵبگرن.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە