مەترسیی جێبەجێکردنی بەپەلەی سزای سێدارەی ساسان ئازادوار، وەرزشکاری تەمەن ٢١ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانبار
هەنگاو؛ چوارشەممە ٩ی بانەمەڕی ٢٧٢٦
ساسان ئازادوار، وەرزشکاری تەمەن ٢١ ساڵ و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ٢٧٢٥، لە مەترسیی جیدیی جێبەجێکردنی سزای سێدارەدایە. ئەم گەنجە کە پێشتر لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێدارەی بەسەردا سەپابوو، سزاکەی لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە و گەیشتووەتە قۆناغی جێبەجێکردن.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا سزای سێدارەی ساسان ئازادوار، یەکێک لە وەرزشوانانی بەشی کاراتە و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانەکانی مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو، لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە پشتڕاست کراوەتەوە و سزاکەی ڕەوانەی یەکەی جێبەجێکردنی سزاکان کراوە. ناوبراو ئێستا لە بەندیخانەی ناوەندیی ئەسفەهان بەند کراوە.
ساسان ئازادوار، پاڵەوانی کاراتەی پارێزگای ئیسفەهان، ڕۆژی هەینی ١٩ی بەفرانباری ١٤٠٤ (٩ی ژانووەیەی ٢٠٢٦) لە کاتی خۆپیشاندانەکانی ئەو شارەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە ڕفێندرا. ناوبراو دواتر لەلایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی ئەسفەهان بە سەرۆکایەتیی دادوەر "مورتەزا بەراتی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندرا. ئەم سزایە لەکاتێکدا دەرچووە کە دۆسیەکەی لەگەڵ ناڕوونییەکی زۆری یاسایی ڕووبەڕوو بووە و پارێزەرەکەی جەختی کردووەتەوە کە هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو دژی ئەم هاووڵاتییە لەبەر دەستدا نییە.
سەرچاوە نزیکەکان لە بنەماڵەی ئەم وەرزشوانە بە هەنگاویان ڕاگەیاندووە کە سزای ئاماژەپێکراو لە مانگی ڕەشەممەی ساڵی ڕابردوودا دەرچووە و سەرەڕای ناڕەزایەتی دەربڕین، لە دیوانی باڵای وڵات پشتڕاست کراوەتەوە. سزای کۆتایی لە ڕێکەوتی ٣١ی خاکەلێوە بە شێوەی ڕەسمی ڕاگەیەندراوە. ڕاپۆرتەکان باس لەوە دەکەن کە ساسان ئازادوار لە ماوەی دەستبەسەرکرانیدا خراوەتە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی تا ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی بکرێت؛ ئەو دانپێدانانەی کە بوونەتە تاقە بەڵگەی دادوەر بەراتی بۆ دەرکردنی سزای مەرگ.