کەرەج؛ جێبەجێکردنی نهێنیی سزای سێدارەی موجتەبا کیان، لە دەستبەسەرکراوانی شەڕی ٤٠ ڕۆژە لە بەندیخانەی قزڵحیسار
هەنگاو؛ یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦
سزای سێدارەی بەندکراوێکی سیاسی-ئەمنی بە ناوی موجتەبا کیان کە لە ماوعی تێکهەڵچوونە سەربازییەکانی ئەم دواییانەدا ناسراو بە (شەڕی ٤٠ ڕۆژە) دەستبەسەر کرابوو، بە شێوەیەکی نهێنی لە بەندیخانەی قزڵحیساری کەرەج جێبەجێ کرا. ئەمە یەکەمین حاڵەتی پشتڕاستکراوەی جێبەجێکردنی سزای سێدارەی دەستبەسەرکراوانی پەیوەندیدار بە شەڕی ٤٠ ڕۆژەیە.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە ٣ی جۆزەردانی ٢٧٢٦ (٢٤ی مەیی ٢٠٢٦)، سزای سێدارەی موجتەبا کیان بە شێوەیەکی نهێنی و بەبێ هەبوونی مافی دوایین چاوپێکەوتن جێبەجێ کرا، ئەمە لەکاتێکدایە کە تەنیا نزیکەی سێ مانگ بەسەر کاتی دەستبەسەرکردنیدا تێپەڕیبوو.
هاوکات لەگەڵ جێبەجێکردنی سزاکە، ئاژانسی هەواڵی میزان، ئاژانسی فەرمیی دەزگای دادوەری بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی فەرمی، لەسێدارەدانی ئەم هاووڵاتییەی پشتڕاست کردەوە و تۆمەتەکانی ناوبراوی بە «سیخوڕی، هاوکاری لەگەڵ دەوڵەتی دوژمنکار و ناردنی زانیاریی ناوەندەکانی پیشەسازیی بەرگری بۆ دوژمنی زایۆنیستی-ئەمریکی لە دۆخی شەڕدا» ڕاگەیاندووە.
بەپێی ئەو سیناریۆیەی کە لەلایەن دادگستریی پارێزگای ئەلبۆرز و ناوەندە ئەمنییەکانەوە ڕاگەیەندراوە، موجتەبا کیان تۆمەتبار کرابوو کە لە ماوەی شەڕی ٤٠ ڕۆژەدا، شوێن و زانیارییەکانی پەیوەندیدار بە یەکەکانی بەرهەمهێنانی پیشەسازیی بەرگریی لە ڕێگەی تۆڕەکانی پەیوەندییەوە ناردووە. میدیا فەرمییەکان بە پشت بەستن بە دانپێدانانی زۆرەملێی ئەم بەندکراوە، بانگەشەی ناردنی نامەیان کردووە بە مەبەستی گرا دان (نیشاندانی شوێن) بە بەرپرسانی ئیسرائیلی؛ ڕێکارێک کە پێشینەی هەیە و دەزگای ئەمنی بۆ پاساودانی لەسێدارەدانە سیاسی و ئەمنییەکان و ڕای گشتی کەڵکی لێ وەردەگرێت.
بەوتەی سەرچاوە ئاگادارەکان، ڕەوتی دەستبەسەرکردن، لێکۆڵینەوە و دادگاییکردنی موجتەبا کیان لە کەشێکی تەواو ئەمنی، ناڕوون و بە خێراییەکی زۆر تێپەڕیوە. ئەم بەندکراوە لە تەواوی ماوەی دەستبەسەرکردنیدا لە مافی دەستڕاگەیشتن بە دادگاییکردنی دادپەروەرانە و پارێزەری دیاریکراوی خۆی بێبەش بووە و سزاکەی بەبێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی بنەماڵەکەی و ئەنجامدانی دوایین چاوپێکەوتن جێبەجێ کراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، وێڕای دەربڕینی نیگەرانیی قووڵی خۆی لە دەستپێکردنی شەپۆلی لەسێدارەدانی دەستبەسەرکراوانی شەڕی ئەم دواییانە، جێبەجێکردنی سزای نهێنیی موجتەبا کیان بە نموونەی بەرچاوی کوشتنی حکوومەتی و تۆڵەسەندنەوەی سیاسی لەژێر ناوی تۆمەتی ئەمنیدا دەزانێت. هەنگاو جەخت دەکاتەوە کە سەپاندن و جێبەجێکردنی سزای سێدارە لە دادگاکانی شۆڕشدا لەژێر کاریگەریی کەشی سەربازیدا و بەبێ ڕەچاوکردنی کەمترین پێوەرە نێودەوڵەتییەکان، پێشێلکردنی ئاشکرای مافی ژیان و یاساکانی مافی مرۆڤە و داوای کاردانەوەی خێرای ناوەندە نێودەوڵەتییەکان دەکات بۆ ڕاگرتنی ئەم ئامێری تێرۆرە.