گیانلەدەستدانی کۆڵبەرێکی گەنج دوای ١٨ مانگ برینداربوون لە ئەنجامی تەقەی هێزە چەکدارەکانی ئێران

٣١ خەرمانان ٢٧٢٤، ١٥:٥٢

هەنگاو؛ شەممە ٣١ی خەرمانانی ٢٧٢٤

فەردین ڕۆستەمنژاد کۆڵبەری خەڵکی شاری پاوە، کە پێشتر لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنووری نەوسوود، بڕبڕەی پشتی پچڕابوو دوای ١٨ مانگ بەهۆی سەختی برینەکانییەوە گیانی لەدەست دا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی هەینی ٣٠ی خەرمانانی ٢٧٢٤ (٢٠ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، فەردین ڕۆستەمنژاد، کۆڵبەری تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی پاوە کە نزیکەی ١٨ مانگ پێش لە کاتی کۆڵبەری بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان بریندار کرابوو، لە ئاکامدا دوای چەندین مانگ خەوێندران لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا.

فەردین ڕۆستەمنژاد ڕۆژی دووشەممە ٨ی ڕەشەممەی ٢٧٢٢ لە سنووری "کەلەبەر"ی نەوسوود سەر بە شاری پاوە و لە مەدوایەکی نزیکەوە لە بەشی زگ بە گوللەی هێزە چەکدارەکانی ئێران پێکرا. گوللەکە دوای پێکاندنی زگی ئەو کۆڵبەرە لە پشت و نزیکیی بڕبڕەی پشتییەوە هاتبووە دەرەوە و ناوبراو بۆ ماوەیەک لە نەخۆشخانەی تاڵقانیی کرماشان خەوێندرابوو.

شایانی باسە کە فەردین ڕۆستەمنژاد خێزاندار و باوکی یەک منداڵ بوو.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە