کوژران و برینداربوونی سێ کاسبکاری کورد بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی حکوومەت لە بۆکان و پاوە

١٣ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ٠٠:٤٢

هەنگاو؛ پێنجشەممە، ١٢ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

کاسبکارێکی خەڵکی بۆکان بە ناوی یووسف دەشتی بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزەکانی پۆلیس گیانی لەدەست دا و لە شاری پاوە دوو کاسبکار کە باوک و کوڕێک بە ناوەکانی پەیمان نەقیزادە و ئارمان نەقیزادە بوون بە تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران بە سەختی بریندار کراون.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی پێنجشەممە، ١٢ ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٣ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤)، هێزەکانی پۆلیس لە ڕێگای بۆکان بۆ مەهاباد بۆسەیان داناوە و ئۆتۆمبێلی کاسبکارێکی کوردیان داوەتە بەر دەستڕێژی گوللە و شۆفێری ئەم ئۆتۆمبێلە بە ناوی یووسف دەشتی کوژراوە.

بە وتەی سەرچاوەکانی هەنگاو، یووسف دەشتی بە ئۆتۆمبێلەکەی کە پژۆ بووە، کارتۆنێک تووتنی نێرگەلەی هەڵگرتبوو.

لە لایەکی دیکە و هاوکات، هێزەکانی سوپای پاسداران لە گۆڕەپانی مەولەوی پاوە ئۆتۆمبێلێکی کاسبکارێکیان داوتە بەر دەستڕێژی گوللە و لە ئەنجامی تەقەکردنەکەدا دوو سەرنشینی ئۆتۆمبێل (تۆیتا) لە بەشی قاچ و چەناگە بە سەختی برینداربوون و بۆ ناوەندە دەرمانییەکان گواستراونەتەوە.

ناسنامەی ئەم دوو کاسبکارە پەیمان نەقیزادە و کوڕەکەی ئارمان نەقیزادە بۆ هەنگاو پشتڕاست کراوەتەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە