سەپاندنی سزای بەندکران بەسەر چوار کەس لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی پەخشان عەزیزی بریتی لە سێ کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەی

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١٠:٢٥

هەنگاو؛ هەینی ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

عەزیز عەزیزی، پرشنگ عەزیزی و حوسێن عەباسی، باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی و هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە بە ناوی ئەیووب ئەنیسی یەنگیجە لە پەیوەندی لەگەڵ دۆسیەی ئەو بەندکراوە کوردە مەحکووم بە سێدارەیە، سزای بەندکرانیان بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی یەکشەممە ١ی ڕەزبەری ٢٧٢٤ (٢٢ی سێپتەمبەری ٢٠٢٤)، لقی ٣٦ی دادگای پێداچوونەوەی پارێزگای تاران سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەر عەزیز عەزیزی تەمەن ٦٧ ساڵ، پرشنگ عەزیزی تەمەن ٤٨ ساڵ و حوسێن عەباسی تەمەن ٤٨ ساڵ و هەروەها سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەر ئەیووب ئەنیسی یەنگیجە بە تەواوی پشتڕاست کردووەتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە کە کۆتایییەکانی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری، بە تۆمەتی "یارمەتیدانی تاوانبار بەمەبەستی ڕزگارکردنی لە دادگاییکردن و سزاکەی" سزای یەک ساڵ بەندکرانی بەسەر باوک، خوشک و زاوای پەخشان عەزیزی و بە تۆمەتی "پێکهێنانی باند و گرووپ بەمەبەستی ئەنجامدانی تاوانێک دژ بە ئاسایشی ناوخۆی وڵات" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەر ئەیووب ئەنیسی یەنگیجەدا سەپاندووە.

کەمپینی ئازادی بۆ پەخشان عەزیزی لە پەیوەندی لەگەڵ ئەو بابەتەدا ڕایگەیاندووە، پشتڕاستکردنەوەی ئەو سزایە لەحاڵێکدایە کە بەپێی یاسا، تەواوی ئەو کەسانە لە دۆسیەیەکدا سزایان بەسەردا سەپێندراوە و ئەو دۆسیە لە ئەنجامی دوایین پێداچوونەوە کە پارێزەرەکانی داوایان کردووە، بۆ دیوانی باڵای وڵات نێردراوە.

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (١٤ی ئاگۆستی ٢٠٢٤)، پەخشان عەزیزی بەندکراوی سیاسیی خەڵکی مەهاباد کە بە تۆمەتی "بەغی" سزای سێدارەی بەسەردا سەپێندراوە و لە یەک ساڵ پێشترەوە لە بەندیخانەی ئێڤینی تاران لە بەنددا بووە، بە کردنەوەی دۆسیەیەکی دیکە لە لقی سێی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئێڤین لەژێر ناوی "ئاژاوەنانەوە لە بەندیخانە" لە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی سەرۆک کۆماری ئێران تۆمەتبار کرا.

هەنگاو پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاندبوو کە لە ڕێکەوتی ١٥ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ و هاوکات لەگەڵ قۆناغی دووەمی هەڵبژاردنەکانی چواردەیەمین خولی سەرۆک کۆماری لە ئێران، پەخشان عەزیزی لە مافی هەرچەشنە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتنێک لەگەڵ بنەماڵەکەی و هەروەها پارێزەکانی بێبەش کراوە.

پەخشان عەزیزی سەرەتاکانی مانگی گەلاوێژی ئەمساڵ لە لایەن لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئیمان ئەفشاری بە تۆمەتی "بەغی" لە ڕێگای "ئەندامێتی لەو گرووپانەی کە لە بەرانبەر حکومەتی ئیسلامیی ئێران شۆڕشی چەکدارانەیان کردووە و ڕێبەرەکەیان باغییە" سزای سێدارە و بە تۆمەتی ئەندامێتی لە "پژاک" سزای ٤ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

ناوبراو ڕۆژی ١٣ی گەلاوێژی ٢٧٢٣، لە شارۆچکەی خەرازیی تاران لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوو. ئەو ڕۆژنامەنووسە لە ڕێکەوتی ٢٠ی سەرماوەزی ٢٧٢٣ لە بەندی ٢٠٩ی بەندیخانەی ئێڤین ناسراو بە دەستبەسەرگەی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ بەندی ژنانی بەندیخانەی ئێڤین گواسترایەوە.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە