دێولان؛ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە سەپاندنی سزای بەندکران بە سەر سوهەیلا موتاعی، چالاکی بواری مافەکانی ژنان
هەنگاو؛ چوارشەممە ٣ی بەفرانباری ٢٧٢٥
سوهەیلا موتاعی، چالاکی بواری ژنان و یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی هەشتی مارس و بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان، لەلایەن دەزگای دادوەری کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە دۆسیەیەکی پێوەندیدار بە دەستبەسەرکردنی دوای ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن (٨ی مارس)، سزای سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراو و شەش مانگ بەندکرانی تەعزیریی بەسەردا سەپێندرا.
بە پێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی شەممە ٢٩ی سەرماوەزی ٢٧٢٥ (١٩ی دیسەمبەری ٢٠٢٥)، سوهەیلا موتاعی، لە دەستبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە دێولان کە لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار دەستبەسەر کراوە، لەلایەن دادگای تاوانەکانی دێولانەوە، بە تۆمەتی "پوڕوپاگەندە دژی نیزام و بڵاوکردنەوە لە میدیاکانی دەرەوەی ئێران" سزای ٦ مانگ بەندکرانی تەعزیری و هەروەها ٣ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندراوە.
ئەم سزایە لە پەیوەندی بە دۆسیەی دەستبەسەرکردنی ناوبراو دوای ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی ژن (٨ی مارس)، و بەبێ ڕەخساندنی دەرفەتی بەرگریی لەخۆی، دژی ئەم چالاکەی مافی ژنان دەرچووە.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، لە کاتی تاوتوێی دۆسیەکەیدا، ڕێگە بەناوبراو نەدراوە ناڕەزایەتی یان داوای پێداچوونەوە تۆمار بکات و بەرپرسانی دادوەری ڕایانگەیاندووە لە ئەگەری هەر جۆرە هەنگاوێک، دۆسیەکە بۆ جێبەجێکردنی سزا بۆ بەشی جێبەجێکردنی سزاکان دەنێردرێت.
سوهەیلا موتاعی، پێشتریش لە ڕۆژی یەکشەممە ٢٥ی جۆزەردانی ٢٧٢٥ (١٥ی حوزەیرانی ٢٠٢٥)، لە پێوەندی لەگەڵ دۆسیەیەکی دیکەدا، لەلایەن لقی ١٠٢ی دادگای تاوانەکانی دووی شارستانی دێولان، بە تۆمەتی «پوڕوپاگەندە بە قازانجی گرووپ یان ڕێکخراوە دژبەرەکانی کۆماری ئیسلامی» سزای سێ مانگ بەندکرانی تەعزیری و سێ ساڵ بەندکرانی هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرابوو.
سوهەیلا موتاعی ئێوارەی دووشەممە ٢٠ی ڕەشەممەی ساڵی ٢٧٢٤، لە پێوەندی لەگەڵ چالاکی و بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی تایبەت بە ڕۆژی جیهانیی ژنان لە سنە، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعات لە دێولان دەستبەسەر کرا و دوای هەفتەیەک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
ئەم چالاکەی مافی ژنان لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، دوو جار دەستبەسەر کرا و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی دێولانەوە سەرجەم سزای ٦٠ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا. ناوبراو دوای تێپەڕاندنی چەند مانگ لە ماوەی سزاکەی، لێخۆشبوونی بۆ دەرچوو و لە بەندیخانە ئازاد کرا.