بۆکان؛ مریەم داوودیان سزای ٣ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپا

٢٨ پووشپەڕ ٢٧٢٦، ٢١:١٧

هەنگاو؛ یەکشەممە ۲۸ی پووشپەڕی ۲۷۲۶

مریەم داوودیان، هاووڵاتیی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە ئەو سزایە بۆ پێبژاردنی بڕی پارەی ۹۳ ملیۆن تمەن گۆڕدراوە.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، مریەم داوودیان، هاووڵاتیی تەمەن ۵۸ ساڵی کورد و خەڵکی شاری بۆکان لە لایەن لقی ۱۰۱ی دادگای تاوانەکانی بۆکان سزای سێ مانگ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا کە بۆ پێبژاردنی بڕی پارەی ۹۳ ملیۆن تمەن گۆڕدرا.

ئەو هاووڵاتییە ڕۆژی دووشەممە ۳۱ی خاکەلێوەی ۲۷۲۶ (۲۰ی ئەپریلی ۲۰۲۶)، پاش بانگکران و سەردانی لقی لێپرسینەوەی خانەی دادی ئەو شارە دەستبەسەر کرا و بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری ئورمیە گواسترایەوە.

ڕۆژی سێشەممە ۲۵ی خاکەلێوەی ئەمساڵ، هێزە حکومەتییەکان بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری هەڵیانکوتابووە سەر ماڵی مریەم داوودیان و دوای پشکنینی ماڵەکەی، دەستیان بەسەر مۆبایلی ناوبراودا گرتبوو. هەروەها ئەو هاووڵاتییە دواتر واتە ڕۆژی شەممە ۲۹ی خاکەلێوە بۆ ناوەندە ئەمنییەکان بانگ کرابوو و چەند کاتژمێر لێپرسینەوەی لێ کرابۆوە.

دەستبەسەرکرانی مریەم داوودیان سەرەڕای تووشبوونی ناوبراو بە نەخۆشی شەکرە، تالاسمی و ڕۆماتیسم ئەنجام درابوو و لە ماوەی دەستبەسەربوونیدا لە دەستڕاگەیشتن بە حەبەکانی و چاودێریی پزیشکی بێبەش کرابوو.

سەرچاوە:

زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە