بجنۆرد؛ بێهرووز ئیزانلو هاووڵاتیی کورد و کچە ۱۶ ساڵەکەی زێنەب ئیزانلو سزای بەندکران، لێدانی قامچی و پێبژاردنی پارەیان بەسەردا سەپێندرا
هەنگاو؛ پێنجشەممە ۸ی گەلاوێژی ۲۷۲۶
بێهرووز ئیزانلو، تەمەن ۴۳ ساڵ و لە دەستبەسەرکراوانی ناڕەزایەتییەکانی بەفرانباری ۲۷۲۵ و کچە ۱۶ ساڵەکەی زەینەب ئیزانلو، لەلایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامی لە بجنۆرد سەرجەم سزای ۵ ساڵ و ۳ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکران، ۸۰ لێدانی قامچی و پێبژاردنی ۸۰ ملیۆن تمەنیان بەسەردا سەپێندرا.
بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئەم سزایانە لەم دواییانەدا لەلایەن لقی ۱۰۳ی دادگای سزاکانی دووی بجنۆرد دەرچووە و بەم دوو هاووڵاتییە ڕاگەیەندراوە، کە وردەکاریی دۆسیەکە، تۆمەتەکان و ڕەوتی دادگاییکردنیان بەم شێوەیەی خوارەوەیە؛
لقی ۱۰۳ی دادگای سزاکانی دووی بۆجنۆرد، بێهرووز ئیزانلوی بە تۆمەتگەلێکی وەک «یاخیبوون بەرامبەر هێزە نیزامیەکان لە کاتی ڕاپەڕاندنی ئەرکدا» و «تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان» بە ۴ ساڵ و ۹ مانگ بەندکران، ۸۰ لێدانی قامچی و پێبژاردنی ۸۰ ملیۆن تمەن مەحکووم کردووە. لە هەمان دۆسیەدا، کچە ۱۶ ساڵەکەی، بە ناوی زەینەب ئیزانلو، بە ۶ مانگ و ۱۵ ڕۆژ بەندکران سزا دراوە.
ئەم باوک و کچە لە ڕێکەوتی ۱۴ی بەفرانباری ۲۷۲۵، بەبێ پێشکەشکردنی بەڵگەیەکی دادوەری لەلایەن هێزە حکوومەتییەکانەوە بە هەڵکوتانە سەر ماڵی تایبەتییان لە بۆجنۆرد دەستبەسەر کران. بێهرووز ئیزانلو دوای ماوەیەک بەندکران لە بەندیخانەی بۆجنۆرد بە دانانی بارمتەی قورسی ۴ ملیار تمەنی و زەینەب ئیزانلوش کەمێک دواتر بە بڕیاری بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کران.