شنۆ؛ سەپاندنی سزای دوو ساڵ بەندکران بەسەر محەممەد ڕەسووڵپوور

٦ ڕەزبەر ٢٧٢٤، ١١:٥٣

هەنگاو؛ هەینی ٦ی ڕەزبەری ٢٧٢٤

محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی کوردی تەمەن ٥٢ ساڵی خەڵکی شنۆ کە سەرەتای هاوینی ئەمساڵ دەستبەسەر کرابوو، لە لایەن دەزگای دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا.

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لەم دواییانەدا، محەممەد ڕەسووڵپوور، هاووڵاتیی خەڵکی شاری شنۆ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەو شارەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "عەلی ئەنساری" بە تۆمەتی "ئەندامێتی و هاوکاری لەگەڵ حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران" و "چالاکی تەبلیغیی دژ بە حکومەت" سزای دوو ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپێندرا و ئەو سزایە بە شێوەی فەرمی پێی ڕاگەیاندراوە.

محەممەد ڕەسووڵپوور کاتژمێرە سەرەتاییەکانی بەرەبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٣ی پووشپەڕی ٢٧٢٤ (٤ی جولای ٢٠٢٤)، لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی فەرمانگەی ئیتلاعات بۆ سەر ماڵی بنەماڵەکەی لە گوندی کۆنەقەڵا بێ‌نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی دادوەری و بە بەکارهێنانی توندوتیژییەوە دەستبەسەر کرابوو.

ناوبراو لە ئاکامدا دوای نزیکەی دوو حەفتە دەستبەسەرکران ڕۆژی یەکشەممە ٢٤ی پووشپەڕ بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ ملیۆن تمەنی و هەتا کاتی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دادگاییکردنەکەی لە بەندیخانەی ناوەندیی شنۆ ئازاد کرا.


زیاتر بخوێننەوە لەم بارەوە